هیچ پلەیەکى نەبووە

لە زاخۆ کەسێک بە جلوبەرگى سەربازییەوە دزى لە خەڵک کردووە

وریا فەتاح

وەک دەڵێن خویەک بیگرى بەشیرى تەرکى ناکەى بە پیرى، پۆلیسى زاخۆ، دەستگیرکردنى تۆمەتبارێکى راگەیاند کە جلوبەرگى سەربازى لەبەرکردووە و لەو رێگەیەوە دزى لە خەڵک کردووە، پێشتریش بە هەمان تۆمەت دادگایى کراوە و زیندانى کراوە.

پۆلیسى زاخۆ لە گرتەیەکى ڤیدیۆیدا کەئەحمەد رەمەزان، بەرێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسى زاخۆ قسەى تێدا دەکات، دەستگیرکردنى تۆمەتبارێکى راگەیاند کە جلوبەرگى سەربازى لەبەرکردووە و دزى لە خەڵک کردووە.

بە وتەى ئەحمەد رەمەزان، ئەو کەسە بەجلوبەرگى سەربازییەوە کە هیچ پلەیەکى سەربازى نەبووە، لەسەر جادە و شەقامەکان وەستاوە و ویستوویەتى لە رێگەى جلوبەرگەکەیەوە گومانى لەسەر نەبێت و دزى لە خەڵک کردووەو پارە و کەلوپەلى گرانبەهاى لێ بردوون.

“ئەو تۆمەتبارە پێشتر بە هەمان تۆمەت دادگاى کراوە و سزا دراوە، بەڵام دواى تەواو بوونى ماوەى یاساییەکەى گەڕاوەتەوە سەر هەمان کار”، ئەحمەد رەمەزان واى وت.