شاکارەکە لە برۆنز دروستکراوە و گوزارشت لە دۆستایەتی مێژوویی فەرەنسا و کورد دەکات

پەیکەری شارل دیگۆل لە هەولێر دانرا

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە مەراسیمێکدا لە شاری هەولێر، پەردە لەسەر پەیکەری شارل دیگۆل، سەرۆک و ژەنەڕاڵی ناوداری مێژووی فەرەنسا لادرا. ئەم شاکارە هونەرییە لەلایەن پەیکەرساز “ئارام ناسر” و لە بەردی مەڕمەڕ دروستکراوە، وەک نیشانەیەک بۆ رێزگرتن لە مێژووی ئەو سەرکردەیە و ئەو پەیوەندییە دێرینەی لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستاندا هەیە.

شارل دیگۆل کە لە نێوان ساڵانی 1959 بۆ 1969 سەرۆکی فەرەنسا بووە، لە سەردەمی ئەودا گرنگییەکی تایبەت بە دۆزی کورد دراوە. لە ساڵی 1966، مەلا مستەفا بارزانی، نامەیەکی تایبەتی ئاراستەی دیگۆل کردووە، کە تێیدا بە وردی باسی لە شۆڕش و داواکارییە رەواکانی گەلی کورد کردووە، ئەمەش وەک وێستگەیەکی گرنگی دیپلۆماسی لە مێژوودا ماوەتەوە.

دانانی ئەم پەیکەرە لە ئێستادا، تەنیا وەک کارێکی هونەری نابینرێت، بەڵکو گوزارشتە لە قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستان و فەرەنسا هەمیشە وەک دۆستێکی نزیکی کورد ناسراوە و ئەم هەنگاوەش وەفادارییەکە بۆ ئەو مێژووە هاوبەشەی کە ژەنەڕاڵ دیگۆل وەک پاڵەوانێکی فەرەنسی لە ناو کورددا جێگەی رێز بووە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر