بۆ خۆپارێزی لە کەوتنەوەی ئاگر

بەرگری شارستانی رێنمایی نوێ بۆ دوکاندارانی بازاری دهۆک دەرکرد

+964

هیڤی دێوالی – دهۆک

لە دوای چەندین رووداوی ئاگر کەوتنەوە لە بازاڕی دهۆک، بەرگری شارستانی دهۆک کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی بۆ دوکانداران دەرکردووە بە مەبەستی خۆپارێزی لە رووداوی ئاگر کەوتنەوە.

مەرجی سەرەکی ئەوەیە نابێت بە هیچ جۆرێک بە قوماشی ئاسایی دەرگای دوکانیان دابخەن یان دەبێت بیکەن بە شوشە یان تەلی شەبەکەیی بەکاربێنن و ئەگەر هەر قوماشیش بێت دەبێت قوماشی دژی ئاگر  “حەراری” بێت کە ناسووتێت.

بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە 964ـی وت، کۆمەڵێک بڕیار دەرچووە بە مەبەستی رێگری کردن لە رووداوی ئاگر کەوتنەوە، لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ جێبەجێ کردن و سەردانی کردنی بازاڕ، دوا مۆڵەتیش بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکان کۆتایی ئەمساڵە.

وتیشی، پێویستە دوکانداران دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی قوماشی ئاسایی بەشی پێشوەی دوکان بە شوشە یان ئاسن دابپۆشن و ئەگەر قوماشیش بێت مەرجە قوماشی دژە سووتان بێت، دوکانداران لە وەرزی هاوین لە بری سپلیت موبەریدە بەکاربێنن، دەبێت ئاگر کوژێنەوەش لە دوکانەکان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک بەسەرپەرشتی بەرگری شارستانی کۆمەڵێک گەنج دادەمەزرێن وەک سکویرتی بۆ چاودێری کردنی بازاڕەکە و چەند خولێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و بڕوانامە وەردەگرن و دەبن بە پاسەوانی بازاڕەکە.

دیارترین روداوی ئاگر لە دهۆک، ئاگرەکەی درەنگانی شەوی 31 ئادارى 2024 بوو ئاگرێکى گەورە لە بازاڕى چەلێ کەوتەوە و بەهۆیەوە زیان بە 237 دووکان گەیشت و لەو ژمارەیە 137 دوکان بەتەواوی سووتان.

بە پێی ئامارەکانی بەرگری شارستانی دهۆک کە داویانە بە 964، ئەمساڵ و تا ئێستا  دوو هەزار و 200 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، پێنج هاوڵاتیان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستداوە 14هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ خۆپاراستن لە ...

رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ خۆپاراستن لە ئاو و ئاگر