باوکی بەڵێنیدا سیروان جێبهێلێت
دوای سێ مانگ جارێکیتر گەڕان بەدوای تەرمی ئەحمەد لوقمان دەستیپێکردووە
میلاد جەلال – گەرمیان
لەسەر داوای باوکی ئەحمەد، ئەمڕۆ تیمەکانی بەرگری شارستانی گەرمیان و فەرماندەی بەرگری و و فریاکەوتن و خۆبەخشەکان، دوای سێ مانگ ھاتنە سەر رووباروی سیروان و دەستیان بە گەڕان کرد.
مەلازم کاردۆ عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری تیمی غەواس بە 964ـى وت،”لەسەر داوای باوکی بۆ دڵنەوایی ئەو ھاتین ئەمڕۆ جاریکیتر دەستمان بە گەڕان کرد، بەڵام ئەمڕۆش تەرمەکەمان نەدۆزیەوە”.
لوقمان رەئوف، باوکی گەنجەکەیە بۆ 964 وتی، بەڵێنم بە تیمەکاندا، لەئەمڕۆوە ئیتر نەیەمە سەر رووباری سیروان و ئەیدەمە دەستی خوا.
ئەحمەد لوقمان تەمەنی 26 ساڵ بوو و لە 17.6.2026 لە کاتی راوەماسیدا لە رووباری سیرواندا خنکا و تەرمەکەی نەدۆزارایەوە، تاوەکو ئێستا خانەوادەکەی پرسەیان بۆ دانەنابوو، بڕیاروابوو دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی پرسەی بۆ دابنێن، بەڵام ئەمڕۆ دوای کۆتایی هاتنی گەڕانەکان باوکی بەڵینیدا بڕواتەوە ماڵەکەی و ئیتر پرسە بۆ کوڕەکەی دابنێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر