چوون بۆ بەشی راگەیاندن
پێشمەرگە و شاندێکی ئەمریکا یەکیان بینی؛ پشتیوانی دوو یاسایان کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی بەشی راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد، لە راگەیەندراوێکدا کونسوڵخانەکە دەڵێت، “ئەمریکا پشتیوانی لە ژینگەیەک دەکات کە تێیدا رۆژنامەوانان بتوانن ئازادانە کاری خۆیان بکەن”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4.9.2024، شاندەکە سەردانەکەیان ئەنجامداوە، کیم سترۆڵۆ بەڕێوەبەری بەشی کاروباری گشتیی کونسوڵخانە، مەیجەر تۆماس ستۆفەر لە نوسینگەی هەماهەنگیی ئاساییش لە کونسوڵخانە لەگەڵ لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە یەکیان بینیوە.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە فەیسبوونی خۆی نوسوویەتی، ئامانج لە دیدارەکە، “گفتوگۆکردن بووە دەربارەی دەرفەتی کاری هاوبەش لە داهاتوودا و رێکانی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان ناوەندەکانی راگەیاندن و حکومەتی هەرێمی کوردستان”، ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی رابردوو کونسوڵخانەکە وتەبێژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی بۆ چەند کۆرسێک بردە ئەمریکا.
کونسوڵخانەی ئەمریکا ئەوەشی وتووە، “ئەمریکا پشتیوانی لە ژینگەیەک دەکات کە تێیدا رۆژنامەوانان بتوانن ئازادانە کاری خۆیان بکەن بە بێ ترس لە چاوترساندن و جیاکاری و هەراسانکردن و هەر لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوان لە جێبەجێکردنی تەواوەتیی دەکەن بۆ هەردو یاسای کاری رۆژنامەنووسی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی”.