10 رۆژ لەوێ دەمێننەوە
وتەبێژەکانی حکومەت بۆ چۆنیەتی دروستکردنی پەیوەندی دەبرێنە ئەمریکا
964+
ئەحمەد مستەفا
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، “11 وتەبێژ بۆ پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی ئەمریکی دەباتە ئەمریکا”، لەوێش بڕیارە چەند ویلایەت و دامەزراوە ببینن، وتەبێژی حکومەت، زۆرێک لە وەزارەت و دەستەکان دەچن، هەروەها ئەنجومەنی ئاسایش نوێنەری لە ناو بەشداربووەکان هەیە.
بڕیارە 27.4.2024، وتەبێژەکان گەشتی ئەمریکا بکەن، پڕۆگرامێکی چڕ بۆ گەشتەکەیان دانراوە، 964 پەیوەندی بە ژمارەیەک وتەبێژییانەوە دەکات.
دیزانێکی نوێ بۆ گەشتێکی جیاواز
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.7.2024، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیوویەتی، “زۆر خۆشحاڵین کە ئەم هەفتەیە 11 وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتدەکەن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕیی ئەمریکیی سەرکردەی سەردانکەرانی نێودەوڵەتی کە بە ئای ڤی ئێڵ پی (IVLP) ناسراوە”.
سۆراغەکانی 964 ئەوەی دەرخستووە جیاواز لە پڕۆگرامەکانی رابردوو، دیزانێکی نوێ بۆ سەردانی ئەمجارەی پەیوەست بە وتەبێژەکان کراوە، کونسوڵخانە لە بڵاوکراوەکەدا دەڵێت، “لە رێگەی پڕۆگرامەکەوە ئاشنا دەبن بەوەی حکومەتی ئەمریکا چۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ راگەیاندنەکاندا بەڕێوەدەبات”.
دوو وتەبێژ وەڵامیان نەدایەوە
بەپێ بڵاوکراوەکە، لەو سەردانەدا وتەبێژەکان زانیاری لەسەر ئەوە وەردەگرن کە چۆن حکومەتی فیدراڵ و حکومەت لەسەر ئاستی ویلایەتەکان و حکومەتە خۆجێییەکان زانیاریەکانیان دەدەنە راگەیاندنەکان و هاوڵاتیان بە گشتی، “ئەم پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕە بەشێکی بنەڕەتیی هەوڵە بەردەوامەکانمانە بۆ باشترکردنی ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ راگەیاندنەکاندا”.
لە بارەی رایان و گەشتەکەیان بۆ ئەمریکا، 964 ویستی رای وتەبێژەکان بزانێت، بەڵام، هەریەک لە وتەبێژانی وەزارەتی دارایی و گواستنەوە و گەیاندن وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە، بەڵام ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “پڕۆگرامێکی چڕ ئامادەکراوە و گەشتەکە کاریگەرییەکی گرنگی دەبێت لەسەر پەیوەندی ئێمە و هاوڵاتیان و راگەیاندنکاران”..
وێنەکان دیداری وتەبێژەکان و کونسوڵخانەی ئەمریکا نیشان دەدەن – وێنە: کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر