پارەیان وەرگرتووە و ناگەڕێنەوە
زۆربەی ئاوارەکانی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
نزیکەی 70%ی ئاوارەکانی شنگال ناتوانن بگەرێنەوە زێدی خۆیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کوچبەرانی دهۆکیش دەڵێت، زیاتر لە مانگێکە مامەڵەی گەڕانەوە بۆ ئەو ئاوارانەی کە لەناو کەمپەکاندان راگیراوە، چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراقین.
لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 15 کەمپ تایبەت کراون بۆ ئاوارەی شنگال، چوار کەمپی دیکەش بۆ پەنابەرانی رۆژئاوا دانراون.
ئەمرۆ چوارشەممە 2024.9.4، پیردەیان جەعفەر بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە 964ـی وت، لە ئێستادا 21 هەزار و 213 ئاوارە لە ناو کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن.
وتیشی، زیاتر لە مانگێک مامەڵەی گەڕانەوە بۆ شەنگال راگیراوە و نزیکەی 70%ـی ئاوارەکان ناتوانن مامەڵەکانی خۆیان دروست راییبکەن. هۆکاری راگیرانی مامەڵەکەش بەهۆی ئەوەوە بووە، کە پێشتر خەڵک هەبووە چوار ملیۆنەکەی وەرگرتووە و لە کەمپەکە ماوەتەوە و نەگەڕاوەتەوە، هەروەها بڕیارەکە تەنیا بۆ خێزانەکانی ناو کەمپ بووە، ئەوانەی دەرەوەی کەمپی نەگرتووەتەوە دەتوانن مامەڵەکانیان جێبەجێبکەن.
هەموو ئەو خێزانە ئاوارانە چ نیشتەجێی کەمپەکان بن یان دەرەوە، لە بەرامبەر گەڕانەوەیان بڕی چوار ملیۆن دینار مینحەیان بۆ دابینکراوە و وەریانگرتووە.
“ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکاندا دەژین مانگانە پێویستیان بە یەک ملیۆن و 830 هەزار دۆلارە بۆئەوەی پێداویستییەکانیان بۆ دابینبکرێت، پارەکەش لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە،” پیردەیان جەعفەر وای وت.
بەپێی ئامارێکی بەرێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، تا ئێستا نزیکەی 10هەزار خێزانی ئاوارە لە سنووری دهۆک ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال، لە ئێستادا 21 هەزار و 213 پەنابەر لە کەمپەکاندا ماون.
پێداچوونەوە: هاوبەش