بچن بەدەست بەتاڵی دێنەوە
تا کۆمپانیاکە نەیەتە سلێمانی فۆڕمی خۆراکی نوێ تۆمار ناکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
لێرە و لەوێ باس گەرمە و دەوترێ، مامەڵەی نوێ بۆ فۆڕمی خۆراک دەستپێدەکاتەوە، ئەو کەسەی بەرپرسی یەکەمە لەو کارە لە سلێمانی رەتیکردەوە هیچ وادەیەک هەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی و بە 964ی وت، “هێشتا کۆمپانیاکە هەر نەهاتووە”.
لەهەندێک ناوچە ساڵێک و لە سلێمانی ساڵێک و هەشت مانگە، نە ناوی منداڵی نوێ تۆمار دەکرێ و نە هاوژینە تازەکان دەتوانن فۆڕمی خۆراک دەربهێنن، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی لە کاغەزەوە فۆڕمەکە دەکەن بە پێناسێکی پلاستیک.
لە سلێمانی زیاتر لە چوار هەزار ناوی نوێ و چەندین هاوژین لە چاوەڕوانی کرانەوەی تۆمارەکەدان، ئاراس محەمەد، بەڕێوەبەری فۆرمی خۆراکی سلێمانی بە 964ی وت، “تۆمارکردنی فۆڕمی خۆراکی نوێ، کۆمپانیا دەیکات، هەتا کۆمپانیاکەش نەیەت و کارەکانی رێکنەخات، تۆماری نوێ دەستپێ ناکاتەوە”.
لای ئەوان روون نییە کەی کۆمپانیاکە دێت، ئەو بەڕێوەبەرە وتی، “لە دهۆک و کەرکوک، کارەکانی کۆمپانیاکە سەرکەتوو نەبووە و رەفزی هێناوە، تا کارەکانی کۆمپانیاکە رێک نەخرێت و میکانزیمی ناو تۆمارکردن دیاری نەکرێت، پێویست ناکات هاوڵاتیان سەردان بکەن و داوای تۆمار بکەن”.
لە تەواوی پارێزگای سلێمانی، دوو ملیۆن و 71 هەزار و 771 کەس ناویان لە فۆڕمی خۆراک هەیە، تەنیا لەناو سلێمانیش 537 هەزار 831 خێزان خاوەنی فۆڕمن، کە لەو رێگەیەوە بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن.