كرێكارێكی سوری

لە ترسی شەڕ سوریای جێهێشت و لە كەركوك خەریك بوو درۆن بیكوژێت

964+

كاروان ساڵحی – كەركوك

ئەو كرێكارەی لە خستەخوارەوەی درۆنەكەی توركیا لە كەركوك ئەمڕۆ بریندار بوو، ئاوارەی سوریایە و لە كەركوك دەژیت، ئەو ژیانی سەختە و چیرۆكی برینداربوونی دەگێڕێتەوە.

ئەو لە ترسی شەڕ و بەهۆی بێكارییەوە سوریای جێهێشتووە و لە كەركوك كرێكاری دەكات و خاوەنی خێزان و چوار منداڵە، لە بەدبەختی ئەویش ئەمڕۆ پارچەیەكی درۆنە تێكشكاوەكەی توركیای بەركەوت و بریندار بوو.

عەبدولقادر جەمیل غەریب، كرێكارە بریندارەكەیە و ئەم ئێوارەیە بۆ 964 چیرۆكی بریندار بوونی خۆی گێڕایەوە و وتی: لەگەڵ 7 كرێكاری دیكە سەرقاڵی كاركردن بووین، كرێكارێكمان هات بە وەستاكەی وت ئەوە فڕۆكەیەكە وا دەكەوێت، ئەویش پێ سەیر بوو وتی بۆ تەكسییە بێت، ئەوان رۆیشتن سەیریان كرد من نەجوڵامەوە، كاتێك ئاگاداربووم فڕۆكەكە كەوتە سەرزەوی، پارچەیەك لە پانكەكەی بەر قاچم كەوت، بە پەلە گواستمیانەوە بۆ نەخۆشخانە

هەروەها وتی، “ئێسكی قاچی چەپم ئازارێكی زۆری پێ گەیشتووە، بەڵام نەشكاوە، داواكارم لایەنە پەیوەندیدار و خێرخوازەكان هاوكاریم بكەن، چونكە بارودۆخی ژیانمان زۆر قورسە و لە كرێچێتیدا دەژین”.

عەبدولقادر جەمیل تەمەنی 28 ساڵە و باوكی چوار منداڵە، خەڵكی شاری حەلەبی سوریایە، لە ساڵی 2011 بە هۆی تێكچوونی بارودۆخی سوریا روو لە وڵاتی توركیا كردووە و لەوی دەست بە كرێكاری كردووە، ماوەی سێ ساڵیشە رووی كردووەتە شاری كەركوك و كاری بۆیاغی‌ پێڵاو دەكات، بە هۆی كەمی كاریشەوە ماوەی سێ رۆژە دەستی كردووە بە كرێكاری.

ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا (درۆن) لە كەركوك تێكشكێندرا و كەوتە كۆڵانێكی گەڕەكی تسعین، ئاگرێكی گەورەی لێكەوتەوە و كرێكارێكیش لە كاتی كاركردن بریندار بوو.

لە سەرەتای خستەخوارەوەی درۆنەكەدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك رایانگەیاند ئەوان لێیانداوە و خستوویانە، بەڵام ئەم ئێوارە شانەی ئەمنیی عێراق رایگەیاند “لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنی درۆنەكە دەكەن”، بەمەش خستنەخوارەوەی درۆنەكەیان لەئەستۆ نەگرت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

درۆنەكەی توركیا بە سیستمی بەرگریی رووسی تێكشكێندرا

درۆنەكەی توركیا بە سیستمی بەرگریی رووسی تێكشكێندرا