گەنجێکی کورد گەیشتە ئەوپەڕی دنیا
بە کەشتییەکی زەبەلاحی سەهۆڵشکێن ئاڵای کوردستانی بردە کۆتا خاڵی جەمسەری بەکور
+964
پەری ساڵح
گەنجێکی کورد بە کەشتییەکی زەبەلاحی سەهۆڵشکێن گەیشتە خاڵی 90 لە جەمسەری بەستەڵەکی باکوری زەوی، ئەوە ئەو جێگەیەیە کە پێی دەڵێن خاڵی سفر، لەوێ ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە.
دکتۆر رەند ئاری پزیشکی ددانە، یەکێک بووە لە سەرنشینانی کەشتییەکی روسی زەبەلاح کە بە وزەی ئەتۆم کاردەکات، لەوێ ئاڵای کوردستان و عێراقی بەرزکردەوە، ئەمە تاکە کوردە لە جیهاندا بگاتە ئەو جێگەیە.
د. رەندە ئاری بە 964ـی وت، لەناو 20 هەزار کەس کە بەشداری فێستیڤاڵی لاوانی جیهانیان کردووە، 15 کەس پاڵێوراون بۆ ئەوەی بچنە ناو کەشتییەکی کۆمپانیای (رۆس ئەتۆم) ئەو کەشتییە بە وزەی ئەتۆم کاردەکات و سەهۆڵشکێنە، لەماوەی ئەو 10 رۆژەی گەیشتوونەتە مەنزڵ نە مۆبایل کاری کردووە نە ئینتەرنێت.
گەشتەکە چەند رۆژێک پێش ئێستا ئەنجامدراوە، ئەو خاڵەی پێی گەیشتوون سەهۆڵبەندانە، تەنیا کەشتییە روسییە سەهۆڵشکێنەکان دەتوانن بگەنە ئەوێ.
رەند ئاری دەڵێت ”لەبەر ئەوەی بە نوێنەرایەتی عێراق چووبووم دەبوو وەک کارێکی پرۆتۆکۆڵی ئاڵای عێراق بەرزبکەمەوە، من لەوێ بە دەرفەتم زانی ئاڵای کوردستانم بەرزکردەوە”.
پاش گەڕانەوەی رەند ئاری بووەتە باڵیۆزی رۆس ئەتۆم بۆ کاروباری زانستی و وزەی خاوێن.