پایەی کۆنکرێت کەوت بەسەریدا
کڵاوەکەی سەری فریادڕەسی پۆلیسەکەی کەرکوک بوو
+964
کاروان ساڵحی – کەرکوک
پۆلیسەکەی کەرکوکتان بیرە، بەهۆی دەمە شۆفڵێکەوە پایەیەکی کۆنکرێت کەوت بەسەریدا و دوای هیچ سۆراغێکی نەما، 964 بەدواداچوونی بۆ کرد، پۆلیسەکە ئێستا مۆڵەتە و لە ماڵەوەیە، پزیشکەکان دەڵێن، کڵاوەکەی سەری فریادڕەسی بووە.
رۆژی شەممە 24.8.2024، پۆلیس و شارەوانی پێکەوە هەڵمەتێکی نەهێشتنی زیادەڕۆیی و رووخاندنی بناغەی باڵەخانەیەکیان لە گەڕەکی سۆنەگۆلی کەرکوک ئەنجامدا، شارەوانی عایدی رووخان بوو، پۆلیسەکانیش بۆ ئەوە هاتبوون ئەگەر نیگەرانی دروست بوو، هەوڵی پاراستنی دۆخی ئەمنی بدەن.
بەڵام، یەکێک لە پۆلیسەکان کە ناوی ئەدیب کەریمە و لە گوندێکی حەویجەی سەر بە کەرکوک نیشتەجێیە، بەهۆی رووخانی پایەی یەکێک لە باڵەخانەکە بەشێوازێکی سەیر لە مردن رزگاری بوو، کامێرای 964 دیمەنی ئەو ساتەی تۆمارکرد بڵاوی کردەوە، میدیا کوردی و عێراقییەکان گرتە ڤیدیۆکەی 964 یان وەرگرت و بڵاویانکردەوە.
ئەحمەد کەریم، برای پۆلیسەکەیە ئەمڕۆ دووشەممە 26.8.2024، بە 964ـی وت، “ئەدیبی برای لە نەخۆشخانە چەندجارێک پشکنینیان بۆی کردووە، دەرکەتووە ئێسکی شان و مللی قورسی پایەکە ئازاریان پێ گەیاندووە، ئێستا دەرمانی چارەسەری هەیە و لە ماڵەوەیە”.
ئەدیب خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، دانیشتوی گوندی خاتونیەی سەر بەقەزای حەویجەیە و ماوەی چوار ساڵە پۆلیسی چالاکیە مەدەنییەکانە، لە سۆراغی پەیامنێری 964 لەو نەخۆشخانەی چارەسەری ئەدیبی تێدا کراوە، ئاشکرابوو، “پزیشکەکان بۆیان سەلماوە، کڵاوەکەی سەری و گولەبەندەکەی هاوکارێکی باشی بوون، تا ئەو زەبرەی بەری کەوتووە کاریگەری زۆر نەبێت و لەمردن رزگاری بکات”.
“دوای چەندین پشکنین و تیشک، دەرکەوتووە تەنیا مللی و ئێسکی سەر شانی چەپی ئازاری پێ گەیشتووە”، پۆلیسەکە ئێستا پشووی پێدراوە و گەڕاوەتەوە ناو ماڵ و منداڵەکەی، دوای کۆتایی هاتنی چارەسەر و پشووەکەی، بڕیار وایە بگەڕێتەوە بۆ ئەرکەکەی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا