لەسەر منداڵێک شەڕەکە دروست بووە
لە شنگلبانەی رواندز بەهۆی شەڕەوە دووکەس بریندار بوون
+964
ئاکام غەفور – سۆران
لە هەوارگەی شنگلبانەی قەزای رواندز، لە سەر ئەوەی سەیارە لە منداڵێکی داوە دەبێتە شەڕ و دوو گەشتیاری بە نەتەوە عەرەب بریندار دەبن.
سەرچاوەیەک ئەمنی کە کاتی رووداوەکە لەوێ بووە، قسەی بۆ 964 کردوە و دەڵێت،”سەیارە خۆی بە منداڵێکدا کێشا هەرچەندە منداڵەکە هیچی لێ نەهات، بەڵام دەمەقاڵێ لە نێوان خانەوادەی منداڵەکە و خاوەنی سەیارەکە دروست بووو و دواتر بووە بە شەڕ بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون “.
دکتۆر سەپان قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رواندز بۆ 964 وتی، دوو کەس کە عەرەب بوون بە برینداری گەیندرانە نەخۆشخانەکەمان، تەمەنیان سەروی 35 ساڵ بوو، دیار بوو بەهۆی شەڕە بۆکسەوە برین لە سەریان هەبوو.
وتیشی،”بریندارەکان چارەسەریان بۆ کراوە، یەکێکیان دوای چارەسەری پێویست نەخۆشخانەی جێهێشتوە ئەوەی تریش هەر لە ژێر چاودێری پزیشکە لە نەخۆشخانەکەمان”.
شنگلبانە شوێنێکی بەناوبانگی گەشتیاری قەزای رواندزە، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم بە مەبەستی گەشت کردن سەردانی دەکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی