زیاتر لە 100 سەرەمەنهۆڵ جێهێڵرابوون

دوای بەدواداچوونێکی 964 قیرتاوکردنی بازاڕی زاخۆ دەستیپێکرد

+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

دوای بەدواداچوونێکی 964، پڕۆژەی قیرتاوکردنی ناو بازاڕی زاخۆ دەستیپێکرد.

دوای بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی جێهێشتنی زیاتر لە 100 سەرە مەنهۆڵ لەسەر جادەکانی زاخۆ لەلایەن تۆڕی  964، کە ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ شۆفێران دروستکردبوو، ئەمڕۆ چوارشەممە 21.4.2024 دەستکرا بەقیرتاوکردنی جادەکان و بڕیارە لە هەفتەیەکدا تەواو ببێت.

لە زاخۆ سەرەمەنهۆڵ ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردووە

لە زاخۆ سەرەمەنهۆڵ ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردووە

گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ بە 964ـی وت، “راگرتنی کارەکانی پڕۆژەکە بەو ئامانجە بوو، کە هەموو جادەکان بکرێنە یەک پاکێج و بەیەک شێواز و دیزاین دروست بکرێن، بەڵام بڕیارماندا پێشبخرێن بۆ ئەوەی زیاتر بارگرانی بۆ خەڵک دروست نەبێت”.

یونس محەمەد سەرۆکی شارەوانی زاخۆش بە 964ـی وت، “بەهۆی پڕۆژەکەوە، دوو تا چوار رۆژ ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەبێت، بەڵام بڕیارمانداوە زووتر تەواوی بکەین”.

بە مەبەستی رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو، هەشت مانگە ئیدارەی زاخۆ سەرقاڵی نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ئاوەڕۆکانە لەناو سەنتەری شارەکە، دوای تەواوکردنی ئاوەڕۆکانیش، جادەکان قیرتاو دەکرێن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری