"تەماتە کەمتر کراوە"
تەماتەی ناوخۆیی “نمرە یەک” بەهای هەر لە بەرزیدا ماوەتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
هەفتەیەک زیاترە، نرخی تەماتەی ناوخۆی (نمرە یەک) بە کۆ لە سلێمانی، لە ئاستێکی جێگیر و بەرزدا ماوەتەوە، قەدەغەی هاوردەش لە گۆڕێ نییە، بەڵام جوتیارێک بە 964ی وت، “ئەمساڵ تەماتە کەمتر بەرهەم هاتووە”.
ژووری بازرگانیی سلێمانی، رۆژانە نرخەکان بۆ خەڵک ئاشکرا و روون دەکاتەوە، ناوخۆ بە چەندە و هاوردە بە چەند، ئەمڕۆ چوارشەممە 21.8.2024، نرخی تەماتەی ناوخۆ لە بازاڕەکانی سلێمانی لە بەرزترین ئاستیدا کیلۆی بە هەزار و 300 دینار لە عەلوەی شارەکە و لە نزمترینی کیلۆی بە 700 دینارە.
ئەم نرخانە تا دەگەن بە دەست هاوڵاتی، “نمرە یەک دەبێت بە هەزار و 500 دینار و تەماتەی خوار نمرە یەک کیلۆی دەبێت بە هەزار دینار و هەزار و 250 دینار”.
بەو پێیە بێت، هەفتەیەکە تەماتەی نمرە یەک ئەوەی کە بۆ زەڵاتە و پیشاندن کابان و شێفەکان بەکاری دەیهێنن بەهای لە بەرزیدا ماوەتەوە.
رەوەند بەکر لە پێنجوێن جوتیارە، ئەو ئەمساڵ تەماتەی نەکردووە، سەختیی ساڵی رابردوو هۆکار بووە، چونکە ئاویان بە زەحمەت دەستکەوت.
ئەو بە 964ی وت، “ئاو کەمە، هەندێک لە بیرەکانمان وشکیان کردووە، پێشتر بە تانکەریش دەمانتوانی لەناو حەوزدا ئاو کۆگا بکەین، ئێستا ئەوەشمان پێ ناکرێ، سەرەڕای ئەوەی بە رێژەی پێویست تەماتە کراوە، بەڵام زۆر جوتیاری هاوڕێمان هەیە، کە وەک ئێمە دەستبەردار بوون”.
قەزای پێنجوێن خاوەنی زیاتر لە 81 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵییە، لە سنووری سلێمانی هەر باسی تەماتە بکرێ پێنجوێن بە نموونە دەهێنرێتەوە، مانگی ئاداری ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی نرخی تەماتە بۆ هەر کیلۆیەک گەیشتە دوو هەزار دینار، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەی هاوردەی تەماتەی دەرکرد.
بەڵام، سەرەتای ئەم مانگە، ژمارەیەك لە جوتیارانی سنووری قەزای پێنجوێن كێشەی بەبازاڕكردنی بەروبوومەكانیان بردە لای وەزیری كشتوكاڵ بێگەرد تاڵەبانی و پێیان راگەیاند، “ئێستا شووتی، كاڵەك، خەیار و پیاز و بەرهەمەكانی دیكەیان دەتوانێت پێویستییەكانی بازاڕ دابین بكات و كوالێتیی بەرهەمەكانیشیان بەرزە، بۆیە داوایان كرد وەزیر دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت و رێگە لە هاوردەكردنی بەرهەمی وڵاتانی دەوروبەر بگرێت”.
نرخی بەرهەمی سەوزە و میوە لە عەلوەی سلێمانی لەسێ کاتی جیاوازدا؛
تەماتە لە زاخۆ گران بوو
تەماتە
چوونە بەغدا
ژمارەیەک جوتیاری پێنجوێن؛ مەرز مەکەنەوە تەماتەمان ماوە
ئاگاتان لە تەماتە بێت
ئەندازیارێکی کشتوکاڵی هۆشداری بە جوتیارانی پێنجوێن دەدات دوای بارانبارین
"پابەندی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵین"
پەروێزخان قسەوباسی جوتیاران بۆ هاوردەی تەماتە رەتدەکاتەوە
سۆراغ؛ 300 دینار زیادی کردووە