کۆمپانیاى تۆیۆتا ئۆتۆمبێلێکى کیلۆمەتر سفر پێشکەش بە شۆفێرەکەى دەکات
لە دهۆک تاکسییەک 999 هەزار و 999 کیلۆمەتر رۆیشتووە
964+
دلۆڤان رەمەزان- دهۆک
کۆمپانیاى تۆیۆتا خەڵاتى شۆفێرى تاکسییەکى شارى دهۆک دەکات لەسەر ئەوەى بە تاکسییەکەى لە جۆرى (تۆیۆتا کرۆلا)، یەک ملیۆن کیلۆمەتر رۆیشتووە.
کەرەم جەمیل، تەمەن 60 ساڵى دانیشتوى قەزاى سێمێڵ شۆفێرى ئەو تاکسییەیە و لە 2014ـەوە تاکسییەکەى کڕیوە و لە ماوەى ئەو 10 ساڵەدا یەک ملیۆن کیلۆمەتر رۆیشتووە.
ئەو شۆفێرە قسەى بۆ 964 کردو وتى،”لەماوەى ئەو 10 ساڵەدا بە بەردەوامى کارم پێى کردووە، بەڵام چاودێریم کردووە و هەر کێشەیەکى بۆ دروستبووبێت بە زوویى چارەسەرم کردووە”.
وەک ئەوەى کەرەم باسى دەکات، لە چەند رۆژى رابردوو ئۆتۆمبێلەکەى بردووە بۆ پشکنین و خاوێنییەکەى 90%ـى هێناوە.
بە وتەى ئەو شۆفێرى تاکسیە، لەبەرامبەر ئەوەى یەک ملیۆن کیلۆمەتر بە تاکسییەکەى رۆشتووە، کۆمپانیا تۆیۆتا کرۆلایەکى تاکسى کیلۆمەتر سفرى پێداوە و تا دوو ساڵیش هەموو خزمەتگوزارییەکى بێبەرامبەرى لەسەر کۆمپانیایە.
تاکسییەکە تا ئەمڕۆ 999 هەزار و 999 کیلۆمەتر رۆیشتووە و بە یەک کیلۆمەترى دیکە دەبێت بە یەک ملیۆن کیلۆمەتر.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح