"خەڵک بە یادی باوکی گوێیان لێگرت"

کوڕەکەی مەلا محەمەدی گەچ گەڕایەوە و چووە مزگەوتی گەورە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

یاسین کوڕی مەحەمەدی گەچە، کە بە مەلا محەمەدی دەنگ گەورە ناسراوە، ئەمڕۆ چووە مزگەوتی گەورەی سلێمانی و هاوشێوەی باوکی، بانگی فەرموو وە موناجات و قورئانی خوێندن بۆ رێبوارانی ماڵی خوا.

مەلا محەمەدی گەچ، ئەو  پیاوەی بە دەنگ و سەدا و سازی گەورەی شاری سلێمانی ناسراوە و نیو سەدە خزمەتی مینبەری  مزگەوتی گەورەی کرد.

کاتێک باس لەو پیاوە دەکەین کە ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی ئایین و مزگەوت تەرخان کردووە، تەنیا چیرۆکێک نییە و میراتێکی رۆحییە کە دڵەکاندا ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی نابینا بوو، بەڵام دەنگەکەی بانگەوازی رۆحی و ئیمانی و چاکە بوو.

ئەمڕۆ هەینی 5.6.2026، یاسین-ی کوڕی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕابوویەوە لە جێگەی باوکی بانگی فەرموو، ئەو بە 964ی وت، لەدوای ئەو بەرنامەیەی 964 پەخشی کردووە، مەبەستی بووە بگەڕێتەوە.

یاسین مەلەلا محەمەدی گەچ بۆ 964 باسی لە ژیانی باوکی کرد و وتی، بەهۆی نەخۆشییەوە باوکم هەر زوو بینایی چاوەکانی لاوازبوو، یەکێکیانی لەدەستداوە بەیەکجاری و ئەوەی تریشی بەحاڵ بینویەتی، بردوویانەتە مزگەوتی گەورە و بە 13 ساڵ هەموو قورئانی لەبەرکردووە و 50 ساڵ لەسەر مینبەر بووە و دەنگێکی گەورەی هەبوو.

محەمەد حسێن، پێشنوێژی ئێستای مزگەوتی گەورەی سلێمانی دەڵێت، مەلا محەمەد رەمزێکی گەورەیە و کاریگەری لەسەر هەمووان هەبووە و دەنگێکی دەگمەنە و بە زەحمەت دروست دەبێتەوە، شارەزای مقامات بوو، چونکە خوێندکاری عەلی مەردان بوو.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا