333 رادیۆ و کەناڵ مۆڵەتیان هەیە

بەڕێوەبەرێکی وەزارەتی رۆشنبیری: دەسەڵاتی داخستنی کەناڵمان نییە

شۆڕش هەرکی – هەولێر

لەلای بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەرێمی کوردستان، 333 رادیۆ و کەناڵی بینراو مۆڵەتیان هەیە، بەڵام بە قسەی خۆیان، ئەوان لە کاتی سەرپێچی میدیاییدا تەنیا دەسەڵاتی راگرتنیان هەیە، نەک داخستن.

لە هەرێمی کوردستان، 157 کەناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی کار دەکەن،  176 رادیۆش مۆڵەتیان لە سەرتاسەری هەرێم هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 18.8.2024، شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “ساڵانە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە مۆڵەت وەردەگرن، بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا چوار کەناڵی لۆکاڵی مۆڵەتیان پێدراوە”.

لە هەرێمی کوردستان ئەو کەناڵانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە، 31 کەناڵی ئاسمانی و 126 کەناڵیی ناوخۆیین، هەروەها 176 رادیۆش مۆڵەتیان هەیە.

ئەو بەڕێوەبەرە بە ئاماژەدان بە دەسەڵاتیان، وتی، “لەلای ئێمە هیچ کەناڵێک داناخرێت، بەڵکو راگرتن هەیە، لە کاتی هەبوونی کێشەی یاسایی یان دارایی و پابەندنەبوونیان، ئێمە دەتوانین لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستمان لەگەڵیاندا هەیە، لە ناوخۆییدا پەخشیان رابگرین وەک هەنگاوی یەکەم”.

لە بارەی ئەو کەناڵانەی لە وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق و دەستەی پەیوەندییەکان مۆڵەتیان هەیە، “ئەو کەناڵانەی مۆڵەتیان لە وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق وەرگرتووە، دەسەڵاتی راگرتنیان لەلای ئێمە نییە”، شێروان عەوڵا وای وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا