کەمتر لە 30 پاڵاوگە داخراون

14 رۆژ بەسەر بڕیارى داخستنى 138 پاڵاوگە نایاساییەکەدا تێدەپەڕێت

964+

وریا فەتاح

هەرچەندە بڕیار بوو بە خێرایى ئەو 138 پاڵاوگەیە دابخرێن کە 14 رۆژ لەمەوبەر پارێزگارى هەولێر بڕیارى داخستنى بۆ دەرکردن، بەڵام لە بە دواداچوونێکى 964 دەردەکەوێت تا ئەمڕۆ تەنیا 26 دانەیان داخراون.

رۆژى 4.8.2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە بەردەم مایکى میدیاکان حەوت خاڵى خوێندەوە کە وەک بڕیار لە بارەى ژینگەى هەولێرەوە دەرکرابوون، سەرەکیترینیان داخستنى 138 پاڵاوگەى نایاسایى بوو.

ئەمڕۆ، 14 رۆژ بەسەر ئەو بڕیارەدا تێدەپەڕێت بەڵام لەم بەدواداچوونەى 964 دەردەکەوێت تەنیا 26 پاڵاوگە و کۆگاى سووتەمەنى داخراون.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى ناوەندى هەولێر بۆ 964 قسەى کرد و وتى،” لەگەڵ بڕیارەکە دەستمان بە رێکارەکان کرد بۆ داخستنى پاڵاوگە نایاساییەکانى سنوورى هەولێر، سێ پاڵاوگەى نایاسایى هەبووە و دامانخستن، بەڵام ئەو پاڵاوگانەى یاسایین و رێنماییەکان جێبەجێ دەکەن، داناخرێن”.

بە وتەى قایمقامى هەولێر، دەرەنجامى داخستنیان لەسەر ژینگەى هەولێر دەرکەوتووە و بۆنەکەیان زۆر کەمبووەتەوە.

بەشێکى زۆرى پاڵاوگە و کۆگاکانى سووتەمەنى کە بەشێوەى نایاسایی کار دەکەن، کەوتوونەتە سنوورى قوشتەپە، 964 لە بەرپرسانى قەزاکە زانیارى وردى دەستکەوتووە و دەردەکەوێت لەو 138 پاڵاوگە و کۆگایانەى ناویان هاتووە، 33 دانەیان لە سنوورى قوشتەپەن.

لەگەڵ بڕیارەکە 13 پاڵاوگەى نایاسایى و 10 کۆگاى سووتەمەنى داخراون و 10 پاڵاوگەى تریش، کە تۆمارکراون، لەو سنوورە ئیش ناکەن و تەنیا شوێن و کەلوپەلەکانیان هەیە و پێیان وتراوە کار نەکەن.

964 ویستى زانیارى تەواوەتى لە هێمن قادر، جێگرى پارێزگارى هەولێر وەربگرێت، بەڵام دواى ئەوەى پەیوەندى پێوەکرا ئامادە نەبوو لێدوان بدات و وتى،”ئەمن ناتوانم لێدوان بدەم”.

پاڵاوگە نایاساییەکان هاوڵاتیانی گوندی ناوگردانی بێزا...

پاڵاوگە نایاساییەکان هاوڵاتیانی گوندی ناوگردانی بێزار و نیگەران کردووە

لاى خۆیەوە، فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێم، لە زارى هێمن قادر جێگرى پارێزگارى هەولێر بڵاوى کردووەتەوە کە پرۆسەی لێپرسینەوە و پشكنین و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان بەردەوامن و كۆتایی نەهاتووە، ئێستا لە رێگەی گوێڕ رێوشوێنی توند بەرانبەر پاڵاوگە نایاساییەكان گیراوەتە بەر.

وتوشییەتى،”پرۆسەكە تا كۆتایی بەردەوام دەبێت؛ دوابەدوای كۆتاییهاتنی پرۆسەكەش، بە زانیاریی ورد و راپۆرتی تایبەت، تەواوی زانیارییەكان بۆ رای گشتی و میدیاكان دەخەینەڕوو”.

ڕۆژی 4ی ئابی 2024، بە بڕیاری پارێزگای هەولێر، بۆ پاراستنی ژینگەی پارێزگاكە، بڕیار درا پاڵاوگە نایاساییەكان دابخرێن و پاڵاوگە یاساییەكانیش، مەرجی ژینگەیی لە خۆیاندا بێننە دی.

بڕیارەکان ئەمانە بوون:

یەک: 138 پاڵاوگەى نایاسایى لە هەولێر هەیە و لەمڕۆوە هەرهەمویان دادەخرێن، ئەوانەشى پابەند نەبن بە بریارەکەوە رووبەڕووى سزا یاسایى دەبنەوە و دەستگیر دەکرێت.

دوو: ئەو پاڵاوگانەى یاساین، ماوەى 10 رۆژ مۆڵەتیان پێدەدرێن کە دەبێت تەواوى مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن و هەموو کەمووکوڕییەکانیان چارەسەر بکەن، بەپێچەوانەوە رێکارى یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

سێ: هەموو کارگەکان چ ئەوانەى کارگەى قیرن یان جۆراوجۆرن دەبێت دەستبەجێ دەست بە چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکان بکەن.

چوار: پێویستە مۆلیدەى گەڕەکەکان بە تەواوەتى رەچاوى لایەنى ژینگەیى بکەن، بەپێچەوانەوە جگە لە پێبژاردن خاوەن مۆلیدەکان دەستگیر دەکرێن و شوێنەکەشیان لێوەردەگیرێتەوە و نابێت گازى کوالێتى خراپیش بەکار بهێنن و ئەوانەشى مۆلیدەکانیان نەکردووە بە بێدەنگ، یەک هەفتە مۆڵەتیان هەیە.

پێنج: ئەو ئۆتۆمبێلانەى دوکەڵ دەکەن لەلایەن پۆلیسى هاتوچۆوە دەستیات بەسەردا دەگیرێت و بەڵێننامەش بە خاوەنەکەى پڕدەکرێتەوە کە دەبێت بە زوویى چارەسەرى بکات، جگە لە پێبژاردن و سزادانیش.

شەش: وێستگەى هەڵمى خەبات کە وێستگەیەکى حکومییە، داوامان لە وەزارەتى کارەبا و سامانە سروشتییەکان هەیە لە ماوەیەکى کورتدا مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکات، بەهەمان شێوەى پڕۆژەکانى کەرتى تایبەت دەبێت مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکات.

حەوت: لیژنەیەکى باڵا بە سەرۆکایەتى جێگرى پارێزگار لایەن پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە، بۆ چاودێریکردنى جێبەجێکردنى بڕیارەکان.

138 پاڵاوگەى نایاسایى لە هەولێر دادەخرێن

138 پاڵاوگەى نایاسایى لە هەولێر دادەخرێن