داوا لە كوردستانيش دەكات
عێراق خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی “ئاوڵەی مەیمون” ئامادە دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەستپێكردنی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون راگەیاند ، دوای ئەوەی سەدان حاڵەت لە وڵاتانی دیكە تۆمار كراوە، نزیكترینیان توركیایە.
لە نووسراوێكدا كە كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە و رێكەوتی 16ی ئەم مانگەی بەسەرەوەیە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق، داوا لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق دەكات، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
پێشتر بەڕێوەبەرى بەشى تەندروستى گشتی لە وەزارەتى تەندروستىی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندبوو، تیمى تەندروستى لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان جێگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر نەخۆشێك و لە ئەگەرى دەرکەوتنى نیشانەکانى توشبوون لە هەر گەشتیارێک، جیای دەكەنەوە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەی بڵاوكردبووەوە، لەگەڵ رێکخراوى تەندروستى جیهانى و سەرجەم لایەنەکانى پەیوەست بە نەخۆشییەکە لەسەر هێڵن و تواناى دەستنیشانکردن و مامەڵەکردنیشیان هەیە لەگەڵ حاڵەتەکانى ئاوڵەى مەیموندا.
ئەم پێشهاتانە لە كاتێكدایە، ئاژانسەكانی ئانادۆڵی توركیا ئەمڕۆ تۆماركردنی یەكەم تووشبووی نەخۆشییەكەیان لە توركیا راگەیاند، هەروەها دوێنێ سێ تووشبوو لە پاكستان تۆمار كران، كە لە ئیماراتەوە گەشتی پاكستانیان كردبوو.