لە قەڵادزێ
بەردانەوەى ئاوى زێى بچوک لە لایەن ئێرانەوە خۆشى لێکردن بە ناخۆشى
964+
محەمەد عەلى- پشدەر
نزیکەى 200 خێزانى قەڵادزێ و دەورووبەرى کە بۆ بەسەربردنى کاتێکى خۆش چووبوونە سەر زێى بچوک، بەڵام لە پڕ بەهۆى بەردانەوەى ئاوى زێیەکە لەلایەن ئێرانەوە، ئەو هاوڵاتیانە خۆشیان بوو بە ناخۆشى و هەر فریاى ئەوە کەوتن خۆیان رزگار بکەن.
پشدەر قەڵادزێى کە یەکێک بووە لەو کەسانەى لەگەڵ خێزانەکەى بۆ بەسەربردنى کاتێکى خۆش چووەتە سەر زێى بچووک، بە 964ـى وت،” لە سنوورى گوندى کەویە و دەڵگە دانیشتبووین، لە پڕ ئاوى زێى بچوک زیادى کرد و قیژە و هاتوهاورى خستە ناو خەڵکەکە و هەر فریا کەوتن خۆیان رزگار بکەن”.
وەک ئەوەى ئەو هاوڵاتییە باسى دەکات، نزیکەى 200 خێزان لە شوێنەکە بوون، 10 ئۆتۆمبێلیش بەهۆى ئەوەى ئاو چووە ناویەوە توشى کوژانەوە بوون و دواتر بە پاڵ و لە رێگەى یارمەتى خەڵکەوە رزگارکراون.
ئەوە یەکەمجارنییە ئەو رووداوە لەو سنوورە دووبارە دەبێتەوە، پێشتریش چەندین جار بەهۆى ئەوەى ئێران لە وەرزى گەرمادا ئاوى زێى بچوکى بەرداوەتەوە مەترسى لەسەر ئەو کەسانە دروستبووە کە لە سنوورى پیشدەر لە نزیک زێیەکە بوون.
پشدەر قەڵادزەى ئاماژەى بەوەشکرد، کاتژمێر نزیکەى 8ـى ئەم ئێوارەیە و لە کاتى نانخواردندا ئاوەکە زیادى کردووە، بەڵام زیانى گیانى نەبووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح