مۆندیالی 964

ئایا ئیتالیا بەشداریی مۆندیالی 2026 دەکات؟

+964

ژووری هەواڵ

ئایا ئیتالیا بەشداریی مۆندیالی 2026 دەکات؟

پرسیارێکی بێ مانایە و ئێستا ئێوە دەڵێن، نە بابە بەشداریی چی، ئەدی ئەوە نەبوو لە پاشکۆی ئەوروپا بە بۆسنە دۆڕا و دەرکرا.
تۆپی پێی ئیتالیا تووشی نسکۆیەکی گەورە بووە، کە رەنگە هیچ هەڵبژاردەیەکی گەورە وای بەسەر نەهاتبێ، ئاخر زۆر قورسە هەڵبژاردەیەکی کلاسیکیی ئەوروپا، چوار جار نازناوی مۆندیالی بەدەستهێناوە، کەچی ئەمە سێیەم مۆندیالە لەسەر یەک بەشداریی ناکات و لە پاڵاوتنەکان دەدۆڕێ.
ئەمجارەیان هەر کارەسات بوو، لەگەڵ بۆسنە دۆڕا و سەرنەکەوت، ئیتر سەرۆکی فیدراسیۆن و راهێنەر و بەڕێوەبەری هەڵبژاردەکە هەموویان لە شەرمان دەستیان لەکار کێشایەوە.
ئێستا بابێینەوە سەر مەوزوعی خۆمان، ئایا ئیتالیا بەشداریی مۆندیال دەکات؟
لێرەولەوێ و لە ژێر پەردە ئیش بۆ ئیتالیا دەکرێت و رەنگە بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراویش ئیتالیا بەشداریی مۆندیال بکات…بەڵام چۆن؟
ئێستا هەڵبژاردەی ئێران بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە، بەشداریکردنی لە مۆندیال یەکلانەبووەتەوە، هەررۆژەی قسەیەک دەکرێ و وەزعەکەش هیچ خۆش دیار نییە، ئیتر ئەو بەڕەیە خراوەتە مزگەوت، ئەگەر ئێران کشایەوە، با ئیتالیا بەشداریی بکات.
بەڵام هەندێک پێیان وایە ئەوە مافی کیشوەری ئاسیایە، تیپێکی دیکە بنێرێتە مۆندیال لە شوێنی ئێران و هاوسەنگی رابگیرێت.
بیرۆکەیەکی جەهەننەمیش هەر بۆ خاتری ئیتالیا تەرح کراوە، با بۆتان روون بکەمەوە چۆنە! دوو تیپی ئەوروپا و دوو تیپی ئاسیا، کە نەگەیشتوونەتە مۆندیال، خولێکی چوارقۆڵییان بۆ بکرێتەوە و کامەیان یەکەم بوو، بەشداریی مۆندیال بکات، بەڵام ئەمەیان هێشتا بیرۆکەیە و ئێ ئێرانیش هێشتا بڕیاری کۆتایی خۆی نەداوە.
بۆیە با چاوەڕێ بکەین، بزانین بەخت ئەمجارە بە رووی ئیتالییەکان پێدەکەنێت، یان تا چوار ساڵی تر دەبێ بیخولێننەوە!

ئێران بەشداریی مۆندیال دەکات؟

ئێران بەشداریی مۆندیال دەکات؟