بەڕێوەبەرەكەی دەڵێت چارەسەرمان كردووە

زیندانیانیی چاكسازیی ژنان و منداڵانیی سلێمانی مانیان گرت

+964
ئەحمەد محەمەد-سلێمانی

زیندانیانیی چاكسازیی ژنان و منداڵانیی سلێمانی لە دوێنێوە مانیان گرتووە و بەڕێوەبەری چاكسازییەكەش دەڵێت، “چەند داواكارییەكیان هەبووە و بۆمان جێبەجێكردوون”.
داواكارییەكانیان، زیادكردنی كاتی پەیوەندی تەلەفۆنی، زیادكردنی كاتی چوونە بەرخۆر، تێكەڵاوبوونی هەرسێ بەشی ژنان، تازەپێگەیشتووان و منداڵان لە كاتی چوونەدەرەوەیان بۆ گۆڕەپانی چاكسازییەكە.
سەرچاوەیەك لە چاكسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی كە نەیویست ناوی بهێنین، بە 964ی وت، “لە دوێنێوە زیندانیانیی چاكسازییەكە مانیان لە خواردن گرتووە، لەبەرئەوەی كۆمەڵێك رێكاری توندیان بەرامبەر گیراوەتەبەر، لە بەرامبەردا زیندانیانیی چاكسازییەكە قبوڵیان نەكردووە و لەژێر فشاردا پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی چاكسازییەكە داواكارییەكانیانی جێبەجێكردووە”.
بۆ راستی و دروستی هەواڵەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.8.2024، تۆڕی 964 پەیوەندی كرد بە فوئاد جەزا، بەڕێوەبەری چاكسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی و وتی، “هیچ مانگرتنێك لەناو چاكسازییەكە رووینەداوە، تەنیا زیندانییەكان چەند داواكارییەكییان هەبووە، ئەوەی توانیومانە بۆمان جێبەجێكردوون، ئەوەی لە دەرەوەی توانای ئێمەدا بووە بە تێگەیشتن لەگەڵیان چارەسەرمان كردووە”.
وتیشی، “داواكارییەكانیان هەندێك پێداویستی رۆژانەی خۆیان بووە، داوایان لە ئێمە كردووە گوێیان لێبگرین، ئەمڕۆ خۆم چووم رووبەڕوو لەگەڵیان دانیشتووم و بابەتەكە كۆتایی پێهاتووە”.

لەناو چاكسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی نزیكەی 80 زیندانی تێدایە و لە سێ بەشی منداڵان، تازەپێگەیشتووان و ژنان پێكهاتووە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

ساڵێكه‌ مامۆستایانى ئایینى له‌ناو چاكسازییه‌كاندا و...

ساڵێكه‌ مامۆستایانى ئایینى له‌ناو چاكسازییه‌كاندا وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌