چایخانەی موسەقەفین

10 ساڵە بە ماتۆرێکی سێ تایەوە چای دەفرۆشێت

کاروان ساڵحی -کەرکوک

خەڵکی کەرکوکە و ماوەی 10ساڵ لە سەر رێگای کەرکوک – هەولێر و بە دیاریکراوی لە نزیک بازگەی دارەمان بە ماتۆرێکی سێ تایەوە لە ژێر کەپرێک دەوەستێ و چای بە گوێز دەفرۆشێت بە رێبواران.

شامار محەمەد تەمەنی 68 ساڵە و 10 ساڵە هەموو بەیانییەکە لە کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیانەوە بە ماتۆڕەکەیەوە دێتە سەر شەقام و چا، قاوە، لەفە و کێک و گوێز بۆ کڕیارەکانی ئامادە دەکات.

لەپاڵ کارەکەیدا، حەزێکی زۆری بۆ خوێندنەوە هەیە و بابەتەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی بابەتی دڵخوازی ئەون و وەک خۆی دەڵێت، “حەزم بە مرۆڤی رۆشنبیر و تێگەیشتووە، هەر ئەوە هۆکارە بۆ هەڵبژاردنی ناوی چایخانەکەی بە “چای موسەقەفین”.

شامار دەڵێت، گوێز سوودێکی زۆری هەیە و دژە چەورییە بۆیە لە چایخانەکەم دامناوە و دەیفرۆشم، هەر خۆی پیاوێکی وەرزشییە و بە قەولی خۆی 40 ساڵە وەرزش دەکات، بۆ ئەوەی لە شەکرە و پەستانی خوێن بەدووربێت و حەزیشی بە تەنیاییە و مرۆڤێکی کەمدوێیە.