سێمێل پێشوازی له كوڕه پاڵه‌وانه‌كه‌ی كرد
964+
هیڤی دێوالی – دهۆك
یانه‌ی سێمێل له رێوڕه‌سمێكدا پێشوازی له رێوان ئه‌مین یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقيى براوه‌ی جامی كه‌نداو كرد، جێگری سه‌رۆكی یانه‌كه‌ش ده‌ڵێت، رێوان كوڕی سێمێله.
یانه‌ی وه‌رزشی سێمێل له قه‌زاكه‌ی خۆیدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 25ـی كانوونی دووه‌م، له رێوڕه‌سمێكدا پێشوازییان له رێوان ئه‌مین یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و پیشه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرد.
رێوان له رۆژانی رابردوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، نازناوی جامی كه‌نداوی 25ـی به‌ده‌ستهێنا.
په‌روه‌ر حوسێن جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی سێمێل به تۆڕی 964ی وت “رێوان به موڵكی خۆمان ده‌زانین و جێگه‌ی شانازی ئێمه‌یه، هه‌روه‌ها بۆ ته‌واوی پارێزگای دهۆك جێگه‌ی شانازییه، كه یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه و بووه‌ته پاڵه‌وانی جامی كه‌نداو”.
رێوان تاكه یاریزانی قه‌زای سێمێل نییه كه گه‌یشتبێته ریزه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، پێشتر یاریزانانی دیكه‌ی وه‌ك “جاسم حاجی، محه‌مه‌د یوسف، زیاد ئه‌حمه‌د و عیماد عیسا” بۆ هه‌ڵبژارده‌كانی یه‌كه‌م و ئۆڵمپی و لاوانی عێراق یارییان كردووه.
په‌روه‌ر حوسێن ده‌ڵێت”له قه‌زای سێمێل به‌هره‌مه‌ند و یاریزانی زۆرباش هه‌ن”.
جگه له رێوان، دوو یاریزانی دیكه‌ی كوردیش له هه‌ڵبژارده‌ی عێراقن و به‌شداریی جامی كه‌نداویان كرد، ئه‌وانیش شێركۆ كه‌ریم و ئاسۆ رۆسته‌من.
جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی سێمێل ده‌ڵێت “ئێمه ته‌نیا پێشوازیمان له رێوان ئه‌مین كردووه و خه‌ڵاتی ده‌كه‌ین، ده‌بوایه هه‌موو كوردستانیش پێشوازی بكه‌ن”.
رێوان ئه‌مین له لای خۆیه‌وه بۆ تۆڕی 964 قسه‌ی كرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌و خه‌ڵاتكردنه‌ی یانه‌ی سێمیل ده‌ربڕی.
وتیشی “حه‌زده‌كه‌م یاریزانانی كورد زیاتر په‌ره به ئاستی خۆیان بده‌ن و بگه‌نه ئامانجه‌كانیان، بگه‌نه ئاستی به‌رزی یاریكردن و له یانه‌ی گه‌وره یاری بكه‌ن”.
رێوان ئه‌مین خه‌ڵكی قه‌زای سێمیلی سه‌ر به شاری دهۆكه، له هێڵی ناوه‌ڕاست یاری ده‌كات، له هه‌شتی كانوونی دووه‌می 1996 له‌دایكبووه، له ته‌مه‌نی سێ ساڵییه‌وه له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌ی چووه‌ته هۆڵه‌ندا.
رێوان پێشتر بۆ یانه‌كانی هێرنڤین له هۆڵه‌ندا و ئۆسته‌رسۆند له سوێد یاریی كردووه، هه‌روه‌ها ئێستا له یانه‌ی دالكورد له سوێد یاری ده‌كات.