ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی غاز - وێنە؛ ئەرشیفی 964
لە سنووری قەزای پشدەر
لەمەودوا هەر بریکارێکی غاز وەڵامی تەلەفۆن نەداتەوە سزا دەدرێت
ژێوار خدر
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەشێک لە هاوڵاتییانی قەزای پشدەر ناڕەزایەتییەکی زۆریان دەربڕی، بەهۆی ئەوەی لەلایەن بریکارەکانی غازەوە پشتگوێ خراون و کەس نییە غازیان بۆ پڕ بکاتەوە.
بڕیار وایە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە، هەر بریکارێکی غاز وەڵامی پەیوەندی هاوڵاتییانی نەداتەوە سزا بدرێت.
ئەبوبەکر خدر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکی راپەڕین بە 964ـی وت، دوای بیستنی ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیان، بڕیارماندا هەر بریکارێک هاوڵاتیان پشتگوێ بخات یان غاز بۆ ناوچەیەکی جیاواز لەو ناوچەیە بەرێت کە بۆی دیاری کراوە، سزا دەدرێت و سزاکەشی پێبژاردن دەبێت.
وتیشی، ”جارێ تەنیا ناوی ئەو ماڵانە وەردەگرین کە بەسەر بریکارەکاندا دابەش کراون و لای خۆمان لیستێک درووست دەکەین، بڕیارەکە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە جێبەجێ دەکەین، هەرچەندە جارێ بە تەواوی دڵنیانین، بەڵام بڕی پێبژاردنەکە لە دەورووبەری 250 هەزار دینار دەبێت بۆ هەر سەرپێچییەک.”