راوکردن قەدەغەیە
قایمقامی دەربەندیخان: رێگریدەکەین لە قەتڵوعامکردنی ماسییەکانی بەنداوی دێوانە
+964
ژووری هەواڵ
جارێکی دیکە راوکردنی ماسی لە بەنداوی دێوانە قەدەغە کرایەوە و تاوەکو رێکەوتی 15.6.2025 دەخایەنێت، قایمقامی دەربەندیخانیش دەڵێت، رێگریدەکەن لە “قەتڵ و عامکردنی” ماسییەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 13.8.2024، سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، تەمەنی ئەو پەنجە ماسیانەی خراونەتە بەنداوی دێوانەوە یەک ساڵە و گونجاو نییە بۆ راوکردن، بەڵام راوچی بەبێ گوێدانە تەمەنی ماسییەکان راو دەکات، بۆیە بڕیارماندا بە قەدەغەکردنی راوەماسی.
“دەبێت سێ ساڵ لەدوای بەردانی پەنجە ماسی رێگە بە راوکردنیان بدرێت، بەڵام زۆربەی ئەو ماسیانەی کە لە بەنداوی دێوانە راودەکرێن کێشیان نەگەیشتووەتە کیلۆیەک و تەمەنیان یەک ساڵە”، سلێمان محەمەد وای وت.
بڕیاری قەدەغەکردنەکە لە کۆبوونەوەیەک دراوە لەنێوان قایمقامیەت و بەڕێوەبەری ڤێترنەری و نوێنەری پۆلیسی دارستان و نوێنەری سامانی ئاژەڵ و ماسی.
“ئەو ماسیانەی تێ کراوە بنچینەی سامانی ماسیە و یەکەم بڕە کە تێ کراوە و ماوەی دوو ساڵی پێویستە کە بەنداوەکە دووربێت لە راوکردن، بۆ ئەو مەبەستە پۆلیسی دارستان چاودێری ورد دەکەن بۆ ئەوەی دووربێت لەهەر کارێکی راوکردن”، قایمقامیەتی دەربەندیخان وا دەڵێت.
راشیگەیاندووە، راوکردن بەهەموو جۆرەکانیەوە قەدەغەیە تانەنەت بە قوڵاپ و تۆڕیش، هەر کەسێک پابەند نەبێت بەرامبەر یاسا بەرپرسیار دەبێت و رووبەروی دادگا دەکرێتەوە.