سێ کەس بەهۆی 10 هەزار دینارەوە 5 مانگ حوکمدران
+964
میلاد جەلال
لە گەرمیان چیرۆکێکی سەیر روویداوە، فیتەرێکی هەرزەکار بڕی 10 هەزار دیناری لای پیاوێک بووە کە چووە لێی بسەنێتەوە، لەوێ بووەتە دەنگە دەنگیان دواتر شەڕ گەورەبووەو تالیبەرو کلکەبێڵی تێکەوتووەو نەتیجەکەی ئەوە بووە سێ لە شەڕکەرەکان بە 5 مانگ حوکمدراون.
دادوەر بورهان ئەحمەد ئەندامی داواکاری گشتی رزگاری چیرۆکەکەی بۆ 964 گێڕایەوەو وتی: فیتەرەکە سەیارەی بۆ کابرا چاک کردووەتەوەو دوایی چووەتە سەر کابرا وتوویەتی 10 هەزار دینارت لایە، ئیتر لەسەر ئەوە بووەتە شەڕیان.
فیتەرەکە هەرزەکارە، دوای دەنگە دەنگ چووە باوک و دوو برای بانگکردووە ئیتر لەوێ شەڕ تالیبەری تێکەوتووەو دوو تالیبەریان داوە لەسەر کابرای قەرزار.
دۆسێکە چووەتە لای پۆلیس و دادگا، هەرچەندە هەم داواکاری گشتی و هەم دادوەر ویستوویەتی سوڵحیان پێ بکات، بەڵام هیچیان رازی نەبوون، بۆیە باوک و دوو براکە یەکی 5 مانگ حکومدراون و فیتەرە هەرزەکارەکەش لەبەر ئەوەی تەمەنی خوار 18 ساڵ بووە بڕی 225 هەزار حوکمدراوە، هەم 10 هەزارەکەی چووەو هەم ئەو پارەیەش.
خۆی بەپێی یاسا دەشێ لەم کەیسانە تا ساڵێکیش حوکم بدرێن، بەڵام دادگا بنەمای بەزەیی بەکارهێناوە لەبەر ئەوەی پێشینەی تاوانیان نەبووە بۆیە حوکمەکەی کەم کردووەتەوە، ئەمە قسەی حاکم بورهانە.
کابرای ”قەرزکوێر” ئەویش یەکەمجار لە هەرزەکارەکەی داوە بۆیە ئەویش بە 3 مانگ حوکمدراوە، کاتێک هەردوولا چوونەتە سجن ئینجا لەوێ ئاشت بوونەتەوە.
حاکم بورهان دەڵێ ”ئەم جۆرە کەیسانە مافی داواکاری گشتی بەسەرەوە نییەو سوڵح هەڵدەگرێ، بۆیە ئازاد دەکرێن”.