چاکسازى گەورانى سلێمانى
تەمەنى 40 ساڵە
زیندانییەک لە چاکسازى گەورانى سلێمانى گیانى لەدەست دا
964+
وریا فەتاح
ئێوارەى ئەمڕۆ، زیندانییەک لە چاکسازى گەورانى سلێمانى بە جەڵتەى دڵ گیانى لەدەستدا و بەڕێوەبەرى چاکسازییەکەش دەڵێت، یەک گورچیلەى هەبووە.
دیار مەحمود بەڕێوبەری چاکسازی گەورانی سلێمانی بە 964ـى وت،”ئەم دوانیوەڕۆیە زیندانییەک کە خەڵکى باشورى عێراقە و ماوەیەکە لە چاکسازى گەورانى سلێمانییە، بە جەڵتەى دڵ گیانى لەدەست دا”.
وەک باسى کرد، زیندانییەکە تەندروستى باش نەبووە و یەک گورچیلەى هەبووە، ئەمڕۆ نیوەڕۆ بردراوە بۆ مەڵبەندە تەندروستییەکە و دواتر گەڕاندویانەتەوە، بەڵام دووبارە تەندروستى تێکچووە و بردویانەتەوە بۆ مەڵبەندە تەندروستییەکە و لەوێ گیانى لەدەست داوە.
ئەو زیندانییە تەمەن 40 ساڵە کە بە مادەى 456 لە یاساى سزادانى عێراقى لە زیندان بووە، ئێستا تەرمەکەى لە پزیشکى دادییە.
ئاشکراشى کرد ئەوە یەکەم حاڵەتى مردنە لە زیندانەکە کە لە 2024 روودەدات لەنیو زیندانییەکان.
مادەى 456 لەیاساى سزادانى عێراقى تایبەتە بە دۆسێى فێڵکردن.
پێشتر ئیحسان عەبدولرەحمان بابان، بەڕێوەبەرى گشتى چاکسازى هەرێم، ئامارەکانى شەش مانگى رابردووى چاکسازییەکانى (هەولێر، سلێمانى، دهۆک)ـى بۆ 964 ئاشکراکرد و رایگەیاند، چوار هەزار و 311 زیندانى لە نێو چاکسازییەکاندان کە سێ هەزار و 221 کەسیان لە رەگەزى نێرن و یەک هەزار و 90 کەسیان لە رەگەزى مێن.