لە سلێمانی
لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ چوار موەلیدەی ئەهلی ئاگری گرتووە
+964
دیلان محەمەد جەزا
ئەمڕۆ بەهۆی زۆر کارکردنی موەلیدەکانەوە لە شاری سلێمانی تا ئەم ساتە سێ موەلیدە ئاگریان گرتووە و شەوی رابردوش موەلیدەیەکی دیکە.
عوسمان محەمەد سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلیەکانی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەمڕۆ حاڵەتی سووتانی موەلیدە هەبووە لە شاری سلێمانی، هۆکاری سووتانیان دەگەڕێتەوە بۆ زۆر کارکردنیان.
باسی لەوەکرد، ئەمڕۆ هەندێک فیدەر نزیکەی 12 کاتژمێر کارەبای نیشتمانیان نەبووە و لە کاتی کارکردنی موەلیدەدا لە تانکیەکەیەوە گاز رادەکێشێت و زیادەکەی دەکاتەوە ناو تانکی موەلیدەکە، بەو هۆیەوە غاز دروست دەبێت و گڕ دەگرێت.
بەپێی زانیاریەکانی 964 ، ئەمڕۆ هەریەکە لە موەلیدەکانی یاریگای سیروانی نوێ و گەڕەکی هەواری تازە و گەڕەکی کوردسات ئاگریان گرتووە و دوێنێ شەویش موەلیدەی گەڕەکی کارێزە وشک ئاگری گرتووە.
لەو بارەیەوە سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ـی وت، پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی بەپێی خشتەیەک رێکخراوە موەلیدەکان لە حەوت کاتژمێر زیاتر کار نەکەن و کارەبای نیشتمانی بدرێت بەو فیدەرانە.
باسی لەوەکرد، ئێستا لە سلێمانی رۆژانە نزیکەی 12 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە تێکرا دەدرێت بە هاوڵاتیان، بەپێی گەڕەکەکان ئەو کاتژمێرانە کەم و زیاد دەکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی