مۆلیدەى نوێ دادەنرێت

لە سەیدسادق ئەو مۆلیدەیەى زوو زوو دەشکا بڕیارى گۆڕینى درا

وریا فەتاح

دانیشتوانى گەڕەکى سەرایى لە سەیدسادق، بەدەست مۆلیدەى گەڕەکەکەیانەوە گیریان خواردبوو بۆیە قایمقامییەتى شارەکە بڕیار دەدات کەسێکى دیکە بێت و مۆلیدەیەکى نوێ دابنێت.

قایمقامییەتى سەیدسادق ئاگادارى دانیشتوانى قەزاکەى دەکات، هـەر هاووڵاتیــەک ئارەزوومەندە بە دانـانی مۆلیـدەی کارەبـایـی ئـەهلی بـۆ ماڵـەکانـی گـەڕەکـی سەرایـی، دەتوانێت سبەینێ چوارشەممە 7.8.2024، سەردانى دیوانى قایمقامییەت بکات و داواکارى پێشکەش بکات.

تەها ئەحمەد بەرپرسى راگەیاندى قایمقامییەتى سەیدسادق بە 964ـى وت، لەسەر داوا و ناڕەزایەتى دانیشتوانى گەڕەکى سەرایى، قایمقامییەت بڕیاریدا بە گۆڕینى ئەو مۆلیدەیەى ئێستا هەیە و داوا کراوە هەرکەسێک دەیەوێت مۆلیدە دادەنێت بێت و داواکارى پێشکەش بکات.

وەک باسى دەکات، دانیشتوانى گەڕەکەکە کە ژمارەیان 700 بۆ 1000 ماڵ دەبێت، چەندین جار گلەیى و رەخنەى خۆیان بۆ قایمقامییەت بردووە، چونکە مۆلیدەکە زوو زوو دەشکا و درەنگ هەڵی دەکردەوە.

“هەرچەندە چەندین جار لەلایەن قایمقامییەتەوە سزادراوە و ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام خاوەنەکەى پابەند نەبووە بۆیە بڕیاردراوە بە گۆڕینى”، تەها ئەحمەد واى وت.

ئاشکراسى دەکات، هەرکەس بیەوێت مۆلیدەى نوێ لەشوێنى ئەو مۆلیدەیە دابنێت، پێویستە مۆلیدەیەکى یەدەگیشى هەبێت و پابەندى رێنماییەکان بێت بەتایبەت زوو کارپێکردنەوەى لە دواى کوژانەوەى کارەباى نیشتمانى.

بەرپرسى راگەیاندى قایمقامییەتى سەیدسادق:

لەناو گەڕەکەکانى قەزاى سەیدسادق 35 مۆلیدەى کارەبایى ئەهلیى هەیە و 5 مۆلیدەیەکی ئەهلیش لە گوندەکانن و زۆربەى گوندەکانیش مۆلیدەى حکومیان هەیە