بۆ لێنانى شلە
لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بەکارهێنانی مەنجەڵی فافۆن قەدەغە کرا
964+
وریا فەتاح
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی مەڵبەندی هەڵەبجە، 12 مەرجی توندیان بۆ بەشداربووانی “فێستیڤاڵی هەنار و پایزەی هەڵەبجە” بڵاوکردەوە، کە دیارترینیان قەدەغەکردنی مەنجەڵی فافۆنە لە کاتی ئامادەکردنی خواردندا.
بەپێی راگەیەندراوێکی لیژنەکان کە ئاراستەی سەرجەم بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە کراوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک مەنجەڵی فافۆن بەتایبەت بۆ لێنانی شلە بەکاربهێنرێت، بەڵکو دەبێت لەبری ئەوە مەنجەڵی ستیل (Stainless Steel) بەکاربهێنرێت.
هەروەها ئامۆژگاریی بەشداربووان کراوە کە کەوچکی تەختە بەکاربهێنن و بەکارهێنانی “لیمەندۆزی”یش لە خواردنەکاندا بەتەواوی قەدەغە کراوە.
لە رووی تەندروستییەوە رێکارەکان توندوتۆڵ کراون و پێویستە سەرجەم بەشداربووان کارتی تەندروستی دەربهێنن و پێشوەختە کۆمەڵێک پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن، لەوانە پشکنینەکانی ئایدز (HIV)، هەوکردنی جگەر (HCV و HBsAg) و چەند پشکنینێکی دیکە، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە سەلامەتیی تەندروستیی کەسەکان. هەروەها هەر جۆرە گۆشتێک لە فێستیڤاڵەکەدا بەکاربهێنرێت، دەبێت وەسڵی کڕینەکەی لەلای خاوەنەکەی بێت.
سەبارەت بە پاکوخاوێنی ژینگە و کەسیش، لیژنەکە جەختی کردووەتەوە کە دەبێت بەشداربووان دەستکێش و کڵاو بەکاربهێنن، ژینگەی پارکەکە پاک رابگرن و عەلاگەی گەورە بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکانیان دابین بکەن.
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی هەڵەبجە هۆشدارییەکی توندی داوە و رایگەیاندووە، هەر کەسێک پابەندی ئەم رێنماییانە نەبێت، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵا راستەوخۆ کەپر و شوێنەکەی لێدەسەندرێتەوە و سزاش دەدرێت.