"مۆڵەتی دیکەمان نەداوە"

سێ پاڵاوگە مۆڵەتیان هەیە و وەزارەت داوای داخستنی تاقیگەکان دەکات

964+
ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ناوی سێ پاڵاوگەی بڵاوکردەوە کە مۆڵەتی ئەوانیان هەیە و لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، “پشتگیری لەو هەڵمەتە دەکەین بۆ داخستنی پاڵاوگەکانی هەولێر، جگە لە هەرسێ پاڵاوگەی كار، لاناز و قەیوان مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوگەیەكی دیكە نەداوە”.

بە فەڕمی وەزارەتەکە، “داوای لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کردووە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن”.

ئەمڕۆ دووشەممە 5.8.2024، وەزارەتەکە باسی لەوەکردووە، “بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان بە نووسراوی فەرمی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار کردووەتەوە پێویستە رێکاری یاسایی بۆ پابەندکردنی موەلیدەكانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی كوالێتی باش بەپێی خەسڵەتەكانی پەسەندكراوی وەزارەت بگیرێتە بەر، بۆ رێگری لە ساخكردنەوەی بەرهەمی نایاسایی و خراپی پاڵاوتگەكانیش داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کراوە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن”.

دەقی روونکردنەوەکە:

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان پشتگیری لە رێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوتگەی نایاساییەکان دەکات، کە بە بێ مۆڵەتی وەزارەت و لە دەرەوەی رێنماییەکان دامەزراون، كە جگە لە هەرسێ پاڵاوتگەی كار و لاناز و قەیوان مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوتگەیەكی دیكە نەداوە، ئەوانیش بەپێی مەرج و رێنماییەكانی وەزارەت كار دەكەن. پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوتگەکان لە ڕێگەی وەزارەت و پابەندبوون بە رێنماییەکان دەبێت، یەکێک لەوانە پێوەرەکانی پاراستنی ژینگەیە کە لایەنی ژینگەیی بەشی هەرە گرنگی رێنماییەكانە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان بە نووسراوی فەرمی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار کردووەتەوە پێویستە رێکاری یاسایی بۆ پابەندکردنی موەلیدەكانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی كوالێتی باش بە پێی خەسڵەتەكانی پەسەندكراوی وەزارەت بگیرێتە بەر و، بۆ رێگری لە ساخكردنەوەی بەرهەمی نایاسایی و خراپی پاڵاوتگەكانیش داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کراوە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوتگە نایاساییەکان ئامادەی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
5ی ئابی 2024