بۆڕی گواستنەوەی نەوت
بەشێکی لە کەرکوکەوە دەنێردرێ
نەوتی عێراق: هەناردەمان زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا
ئەحمەد مستەفا
وەزیری نەوت، باسم محەمەد خزێر رایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق لە ئێستادا گەیشتووەتە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەشێکی لە کەرکووکەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا دەگوازرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران، وەزیری نەوت لە دانیشتنی ئەنجومەنەکەدا وتوویەتی کاتێک دەستبەکار بووە، بڕی هەناردەی نەوت 200 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام ئێستا ئەم بڕە گەیشتووەتە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل و بەشێکی لە کەرکوکەوە دەنێردرێ
خزێر ئەوەشی وتووە، بەرهەمی رۆژانەی بەرهەمە نەوتییەکان 37 ملیۆن لیترە و یەدەگی ستراتیژی بەنزین لە 350 ملیۆن لیترەوە بۆ 107 ملیۆن لیتر دابەزیوە.
وەک دەڵێ، پێویستە رۆژانە 5 ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە بکرێت، و ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ چەند وڵاتێک بۆ دابینکردنی بەنزین لە ئارادایە، لەگەڵ بەردەوامبوونی چاککردنەوەی یەکەی بەرهەمهێنانی FCC لە بەسرە.