دوو هاوڵاتى کردویانەتەوە و دەستگیرکراون
ئاگرەکەى گوندى راوگان لە پێنجوێن بە هۆى مینەوە نەبووە
964+
وریا فەتاح
ئەو ئاگرەى لە سنوورى گوندى راوگانى پێنجوێن 250 دۆنم دارستان و پوش و پاوانى سووتاند بەهۆى تەقینەوەى مینەوە دروست نەبووە، بەڵکو دوو هاوڵاتى کردویانەتەوە و دەستگیرکراون، لەسەر راوکردنى باڵندەى کێویش راوچیەک لە قەڵاچوالان دەستگیرکرا.
دواى ئەوەى دوێنێ ئاگرێکى گەورە لە گوندى راوگانى سنوورى قەزاى پێنجوێن کەوتەوە و بەهۆیەوە 250 دۆنم دارشتان و پوش و پاوانى سووتاند، بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى واى بڵاوکردەوە بەهۆى تەقینى مینەوە بووە، بەڵام ئەمڕۆ دوو کەس لەسەر کردنەوەى ئاگرەکە دەستگیرکران.
لەسەر ئەو بابەتە 964 قسەى لەگەڵ عادل جەلال بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن کرد و لێى پرسى ئەگەر ئاگرەکەى گوندى راوگان بەهۆى تەقینەوەى مینەوە بووە بۆچى دوو کەس دەستگیرکراون؟، لەوەڵامى پرسیارەکەدا عادل جەلال وتى،”لە راستیدا پۆلیس و دارستان لەگەڵ ئاگرەکەى ئەحمەو گلوان لێیان تێکەڵبووە و ئەویان بەهۆى تەقینەوەى مین بووە، بەڵام ئاگرەکەى گوندى راوگان بەدەست کراوەتەوە”.
وەک باسى دەکات، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا و بە سوود وەرگرتن لە کامێراى چاودێرى کارگەیەکى سنوورەکە دەرکەوتووە ئاگرەکە بەهۆى پاشماوەى فڕێدراوى ئاگراوى دوو کەسەوە کەوتووەتەوە، بەڵام بە دەستى ئەنقەست نەبووە.
“ئێستا ئەو دوو کەسە دەستگیرکراون و رووبەڕووى یاسا دەکرێنەوە و دادوەر خۆى بڕیاریان لەسەر دەدات”، عادل جەلال واى وت.
راوگان گوندێکە کەوتووەتە سنوورى قەزاى پێنجوێن لە پارێزگاى سلێمانى.
لەلایەکى دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، لەسەر راوى باڵندەى کێوى و لەسەر چەمى قەڵاچوالان، مەفرەزەیەکى بەشى پۆلیسى شارباژێر هاوڵاتییەکیان دەستگیرکردووە و دەستیش گیراوە بەسەر دوو باڵندەى کێوى راوکرا و یەک چەکى تاپڕ.