یاریی موای تای
هۆكار حەكیم دەیەوێت بگەڕێتەوە تایلەند و شەڕی ركابەرەكانی بكات
964+
سۆما حەكیم زادە
هۆكار حەكیم یاریزانی موای تایە و لە هەڵبژاردەی عێراق یاریی دەكات، پێشتر لە تایلەند چەند یارییەكی كردووە و ئێستاش پلانی هەیە بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە بۆ ركابەری و بردنەوەی یارییەكان.
هۆکار حەکیم یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە و خوێنکاری زانکۆیە لە قۆناغی چوار و لە زانکۆی ئەمەریکی سلێمانی دەخوێنێت.
ئەو لە ساڵی 2016ەوە دەستی بە یاریكردن کردووە تا ئێستاس بەردەوامە، هەر بە حەزی ئەم یارییە بەردەوام بووە.
هۆكار لە ساڵی 2014ەوە چووەتە ناو ركابەرییەكان و بەشداریی چەندین پاڵەوانیەتی کردووە لە عێراق و وڵاتانی وەک ئوردن، ئیمارات، جۆرجیا و تایلەند و نازناویشی بەدەستهێناوە.
موای تای یارییەكی هونەرەكانی بەرگرییە و لە تایلەند داهاتووە، هۆكار حەكیم بە 964ی وت، زیاتر لە 25 یاریی کردووە و پلانیشی هەیە بۆ رۆژانی داهاتووی کە زانکۆکەی تەواو بکات، بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ تایلەند و بەردەوامی بە یاریکردن و بردنەوەی یارییەكان بدات.
هۆکار، روو لە گەنجان دەكات و دەڵێت، “ئەگەر ئاوات و ئارەزوویەکیان هەیە و وەک من حەز بەم جۆرە یارییانە دەکەن، کۆڵ مەدەن و بەردەوام بن، چونکە زۆربەی برادەرانی خۆم وازیان لە یاریکردن هێناوە، ئەگەر وازیان نەهێنابا ئێستا وەک من دەبوون یان بگرە باشتریش لە من”.
هۆكار لە كێشی 63 کگم ركابەریی دەكات و تا ئێستا لە چەند پاڵهوانیەتییەكدا بردنەوەی تۆمار كردووە، بە تایبەتی لە پاڵەوانیەتیی Sinbi boxing stadium.