له‌ ته‌لئه‌ڤیڤ‌ هاتووه

فڕۆكه‌یه‌ک له‌ بولگاریا نیشته‌وه‌ و ده‌ڵێن بۆمبی تێدایه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

گەشتێکی هێڵی ئاسمانیی نەمسا لە تەلئه‌ڤیڤه‌وه‌ بۆ ڤیەننا فڕیوه‌، به‌ڵام بە شێوەیەکی بەپەلە لە شاری سۆفیای پایته‌ختی بولگاریا نیشتەوە، ئەمەش له‌ ترسی ئه‌وه‌ی ده‌وترێت بۆمبێك له‌ ناو فڕۆكه‌كه‌دا هه‌یه‌.

بەگوێرەی رۆژنامەی یەدیعوت ئەحره‌نۆتی ئیسرائیلی، سەرنشینەکان له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌زانراوه‌وه‌ ئه‌وه‌یان پێڕاگه‌یاندرا، كه‌ ته‌نێكی نامۆ یان شتێكی له‌ شێوه‌ی بۆمب له‌ ناو فڕۆكه‌كه‌دا هه‌یه‌.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکەکە چۆڵکراوە و پشکنینی بۆ دەکرێت.

رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێت، لە رووداوێکی هاوشێوەدا رۆژی 12ی ئه‌م مانگه‌ش هەڕەشەی بوونی بۆمب لە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی دێڵتای ئه‌مریكی هه‌بوو، کە لە تەلئەبیب نیشتەوە، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت هه‌واڵه‌كه‌ راست نییه‌.