لە ئێرانەوە هاتووە
ئاگرەکەى گوندى هەڵاڵاواى پێنجوێن 1000 دۆنم پوش و پاوان و دارستانى سووتاندووە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
ئاگرێکى گەورە لە سنوورى گوندى هەڵاڵاواى پێنجوێن زیاتر لە 1000 دۆنم پوش و پاوان و دارستانى سووتاندووە، پۆلیسى دارستان و ژینگەش دەڵێت، ئاگرەکە لە ئێرانەوە هاتووە.
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردەوە، بەهۆى ئاگرەکەى ئەمڕۆ یەکشەممەى گوندى هەڵاڵاوا، زیاتر لە 1000 دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتاوە.
عادل جەلال بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن بە 964ـى راگەیاند، ئاگرەکەی گوندی هەڵاڵاوا لە سنوری ئێرانەوە هاتووە و زیانێکى زۆرى ژینگەیى لێ کەوتووەتەوە.
جگە لە ئاگرەکەى هەڵاڵاوا لە گوندى راوگان لە سنوورى پێنجوێن ئاگرێکى دیکى کەوتووەتەوە، پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى لەبارەى ئەو ئاگرەوە دەڵێت: 250 دۆنم پوش و پاوان و دارستانى سووتاندووە کە بەهۆى تەقینەوەى مینەوە ئاگرەکە دروستبووە.
لاى خۆیەوە رێبوار کەمال، سەرۆکی رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە بە 964ـى راگەیاند، لە ئاگرەکەی گوندی هەڵاڵاوا، لەو کاتەی نزیکبوون لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، پارچە دارێکی گەورە کە سوتابوو بەهۆی باوە دەکەوێتە خوارەوە و جارێکی دیکە ئاگر دروستبووەتەوە.
لەبارەى ئاگرەکەى گوندى راوگانیش، رێبوار کەمال باسى لەوەکرد کە ئەو ناوچەیەى ئاگرەکەى تێدا دروستبووە مین رێژە بۆیە نەیانتوانیوە وەک پێویست بەدەم کوژاندنەوەیەوە بچن، بەڵام لەئێستاشدا هەردوو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح