هەولێر پلانی جەژنی رەمەزان و نەورۆزی دانا

“بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە زێدەڕۆییکردنە سەر موڵکی گشتیی ناکەین”

964+

فەرهاد حەسەن؛

لە هەولێر بە وردی چاودێری بازاڕەکان و نرخ دەکرێت و پارێزگاریش دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک بکرێت سەرپێچی و زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتیی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ داڕشتنی پلانی پارێزگا بۆ جەژنی رەمەزان و نەورۆز سەری ساڵی نوێی کوردی بەڕێوەچوو.

جەختی لە رێنماییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا کرایەوە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بەوپەڕی توانایانەوە لە خزمەت هاوڵاتییاندابن، بۆ ئەوەی رۆژانی جەژنی رەمەزان و نەورۆز بە ئارامی بەڕێوەبچێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەى رەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراک و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان لە مانگی رەمەزانی پیرۆز بەشێوەیەکى گشتیى کرا، پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى هاتنى جەژنی رەمەزان و نەورۆز تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕ و وردی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان کردەوە و لیژنەکانیش راسپێردران کە بە وردی چاودێری بازاڕ بکەن بۆ ئەوەی رێگری لە قۆرخکاری بکرێت، بەتایبەت لەم کاتانەدا کە قەیران یان گۆڕانکاریی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات.

سەبارەت بە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیش، پارێزگاری هەولێر، هەموو پاڵپشتیەکی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەى بەوەدا کە بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک بکرێت سەرپێچی و زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتیی، لە ڕۆژانى جەژن و پشووەکانیش بە تایبەتى سەرجەم قائیمقامیەت و ناحیە و بنکەکانی ئاسایش و پۆلیسی بە هەماهەنگی شارەوانییەکانی ڕاسپارد لە ئامادەباشی دابن و ڕێگە نەدەن کەسانێک پشوو و بارودۆخەکە وەک دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانى سەرپێچى و زێدەڕۆیى.