سوپاى پاسداران:

“هەنییە بە موشەکى کورت مەودا تیرۆرکراوە”

وریا فەتاح

میدیاى فەرمى ئێران پاڵپشت بە راگەیەنراوى ژمارەى سێى سوپاى پاسداران ئاشکراى کرد کە ئیسماعیل هەنییە لەلایەن ئیسرائیل و بە هاوکارى ئەمەریکا بە موشەکى کورت مەودا “تیرۆر” کراوە.

وەک ئەوەى سوپاى پاسداران بڵاوى کردووەتەوە، کارەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە داڕێژراوە و جێبەجێکراوە و ئەمەریکا هاوکار و پشتیوانى بووە.

ئاشکراشى کردووە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا دەرکەوتووە کە کوشتنەکە بە موشەکى کورت مەودا کە کێشەکەى 7 کیلۆگرامە لە دەرەوەى ناوچەیەکى شوێنى نیشتەجێبوونى میوانەکان، تەقێنراوە.

سوپاى پاسداران جەختی دەکاتەوە کە خوێنى ئیسماعیل هەنییە یەکلایى کەرەوەیە و وەڵامى ئەو کردەوەیەش سزایەکى توندە لە کات و شوێنێکى گونجاودا.

بەرەبەیانى چوارشەممەى رابردوو 31.7.2024، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، له‌ تارانى پایته‌ختى ئێران كوژراوه‌.

ئیسماعیل هەنییە کێیە؟

• ئیسماعیل عەبدولسەلام ئەحمەد هەنییە، سیاسەتمەداری فەڵەستینی و بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس.

• لە ساڵی 1962 لە کەمپی پەنابەرانی ئەلشاتی لە رۆژئاوای شاری غەزە لە دایک بووە.

• ئیسرائیل لە ساڵی 1989 بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کرد، دوای ئەوە دوورخرایەوە بۆ مەرجەع زوهور لەسەر سنووری لوبنان و فەڵەستین.

• لە ساڵی 1997 وەک بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی بزووتنەوەکە، ئەحمەد یاسین دەستنیشانکرا.

• لە کانوونی یەكەمی 2005 سەرۆکایەتیی لیستی گۆڕانکاری و چاکسازی کردووە کە لە دووەم هەڵبژاردنی یاسادانانی فەڵەستین لە ساڵی 2006دا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

• لە شوباتی 2006 حەماس کاندیدی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین و هەر لەو مانگەدا دەستبەکاربوو.

• لە ساڵی 2007 مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی نیشتمانی فەڵەستین لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی فەڵەستینی دوورخستەوە.

• دوای هەڵبژاردنی مانگی ئایاری 2017، بووە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە دوای خالد مەشعەل.

• دوایین دەرکەوتنی هەنییەرۆژى سێشەممەى رابردوو بوو، كە بەشداریی رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی مەسعود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری نوێی ئێرانی كرد لە تاران.