سەرتاسەرى هەرێم

لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا 267 هەزار تۆن خۆراکى بەسەرچوو دەستى بەسەرداگیراوە

وریا فەتاح

تیمى مەیدانى بەڕێوەبەرایەتییەکانى چاودێرى بازرگانى لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، لە شەش مانگى یەکەمى 2024 توانیویانە زیاتر لە 26 هەزار چاودێرى بازاڕ بکەن و زیاتر لە 227 ملیۆن دیناریش سزاى سەرپێچیکاران بدەن.

وەک ئەوەى فەرمانگەى میدیا و زانیارى بڵاوى کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەى بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ئیدارە سەربەخۆکان، لە رێگەی تیمی مەیدانییەوە بەردەوامە لە چاودێریی نرخی کاڵا و دۆخی بازاڕ و پرۆژە بازرگانییەکان.

فەرمانگەى میدیا و زانیارى بڵاوى کردووەتەوە، کۆی گشتیی سەردانەکان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 26 هەزار و 249 سەردان بووە و یەک هەزار و 728 سەرپێچی تۆمار کراون و سزای 143 شوێنکار دراوە، هەروەها 106 شوێنکاریش داخراون.

هەر لە سەردانەکاندا 267 هەزار و 197 تۆن خۆراکى “ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و بڕی پارەی پسوولەی سزاکانیش بریتیە لە 227 ملیۆن و 436 هەزار و 200 دینار”، فەرمانگەى میدیا و زانیارى وا دەڵێت.