کۆنگرێسی ئەمریکا
دەنگدانە لە ئەمریکا
خەڵکی ئەمریکا نوێنەر بۆ کۆنگرێس و پیرانی ئەمریکا دەردەچوێنن
ئەحمەد مستەفا
پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەیی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە کاتژمێر 1:00 بۆ 6:00ی ئێوارە بەکاتی هەرێمی کوردستان و 6:00 بۆ 7:00ی بەیانی بەکاتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
ئەم هەڵبژاردنە ململانێیەکی توندە لە نێوان پارتی دیموکرات و پارتی کۆماری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا.
کاتی کرانەوەی بنکەکانی دەنگدان
کاتی کرانەوەی بنکەکان لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە جیاوازە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بەم شێوەیەیە:
یەکەم بنکەکان: لە ویلایەتی ڤێرمۆنت کاتژمێر 05:00ی بەیانی بەکاتی ئەمریکا کرانەوە.
ویلایەتەکانی دیکە: لە کاتژمێر : 6:00 و 7:00ی بەیانی بەکاتی ئەمریکا (وەک ڤێرجینیا، پێنسیلڤانیا، نیویۆرک و میشیگان) دەرگای بنکەکان بەڕووی دەنگدەراندا دەکرێنەوە.
هەڵبژاردنەکە بۆ چییە؟
ئەم خولە بە هەڵبژاردنی نیوەیی (Midterm Elections) دادەنرێت کە دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت و وەک ڕیفراندۆمێکە لەسەر کارەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ. تێیدا کێبڕکێ لەسەر ئەمانەی خوارەوە دەکرێت:
ئەنجومەنی نوێنەران: تەواوی 435 کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەنجومەنی پیران: 35 کورسی لە کۆی 100 کورسی ئەنجومەنی پیران.
پۆستی پارێزگارەکان: هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بۆ 36 ویلایەت.
چانسی سەرکەوتنی لایەنەکان بەگوێرەی پێشبینی میدیاکانی ئەمریکا:
کۆمارییەکان لە ئێستادا کۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێسیان لەدەستدایە، بەڵام پێشبینی و راپرسییە نوێیەکان بەم شێوەیەن:
پێشبینییەکانی NBC News : ئاماژە بەوە دەکەن کە دیموکراتەکان لە پێشەنگدان و بەهۆی نیگەرانییەکانی هاوڵاتییان لە تێچووی ژیان و ئابوری، چانسی بەهێزیان هەیە بۆ بەدەستهێنانەوەی زۆرینەی کورسییەکان. دیموکراتەکان تەنیا پێویستیان بە سێ کورسی هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجومەنی نوێنەران و چوار کورسی بۆ ئەنجومەنی پیران.
پێشبینییەکانی Nate Silver / FLIPR : بەپێی نوێترین مۆدێلی شیکاری، چانسی دیموکراتەکان بۆ بردنەوەی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران “نزیکە لە دڵنیایی”، هەروەها لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی وەک تێکساس، ئۆهایۆ و میشگان لە پێش کۆمارییەکانەوەن و چانسی بردنەوەی ئەنجومەنی پیرانیشیان بەرزە.