"ئەرکی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانە"
عێراق کۆمپانیایەکی بەریتانی بۆ چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک دەگەڕێنێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرۆک وەزیرانی عێراق،سەرپەرشتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای BPی بەریتانی بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوت لە کەرکوک کرد.
کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم BP، ساڵی 2020 پاش تەواوکردنی کارەکانی هەڵکۆڵین لە کێڵگەیەکی نەوتی کەرکوک کشایەوە، رێککەوتنە نوێیەکە دوای چوار ساڵ دێت لەو کارەی، لە کاتێکدا کۆمپانیاکە سەرمایەی گەورەی لە بازاڕدایە و لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی وەک رۆسنەفت هاوپشکی هەیە.
لە یاداشتنامەکەی ئەمڕۆدا، لایەنی عێراقی لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت هەیان عەبدولغەنی، لایەنی جێبەجێکار بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە مۆرای ئۆچینکلۆس واژۆیان لەسەر لێک تێگەیشتنەکە کرد.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.8.2024 باس لەوەدەکات، “سەرۆک وەزیران، محەمەد شیاع سودانی ئامادەیی ئەو یاداشتە بووە، کە لێک تێگەیشتنێکی تۆکمەی نەوتی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی بەریتانیا (BP) دەبێت، بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز”.
یاداشتەکە چییە؟
بریتیی دەبێت لە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکوک، ئەوانیش کێڵگەی کەرکوک (بابا و ئاڤانا) و کێڵگەی بای حەسەن و کێڵگەی جەمبور و کێڵگەی خەباز، هەروەها ئەگەری ڕێککەوتن لەسەر بوارەکانی تر یان گەڕان و پشکنین بە رێککەوتنی هەردوو لایەن، لە ژێر رۆشنایی هەوڵەکانی حکومەت بۆ بە باشترین شێوە وەبەرهێنان لە دەرفەتە بەڵێندەرایەتییەکانی بواری وزە، بە ئامانجی زیادکردن و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، وە بەرهێنانی غاز و وزەی خۆر لە ناوچەکە.