مەتر و نیوێک بە 800 هەزار
چیرۆکى فرۆشتنى قژى ژنان؛ هەیانە لەبەر بێ پارەیى و هەیانە لێى زیادە
رازاو محەمەد- سلێمانى
قژ بە یەکێک لە دیارترین هێماکانی جوانیی خانمان دادەنرێت، بەڵام هەندێک جار بارودۆخی ژیان یان کێشە تەندروستییەکان، خانمان ناچار دەکەن دەستبەرداری ئەو جوانییەیان ببن و بیفرۆشن. لە شاری سلێمانی، ئارایشتگایەک بازاڕێکی بۆ کڕینەوەی قژی سروشتی خانمان کردووەتەوە و دووبارە بۆ خانمانی دیکەی دادەنێتەوە.
میلاد سیروس، خاوەنی ئارایشتگاکە لە سلێمانی، بە 964ـى وت،”کڕینەوەی قژ لە خانمان مەرجی تایبەتی خۆی هەیە و نابێت درێژیی قژەکە لە 50 سانتیمەتر کەمتر بێت”. ئاماژەی بەوەش کردووە کە نرخەکان بەپێی درێژی و کوالێتیی قژەکە دەگۆڕێن، بە جۆرێک تا ئێستا قژی وا هەبووە درێژییەکەی مەترێک و نیو بووە و بە بڕی 800 هەزار دینار لێیان کڕیوەتەوە.
لە پشت هەر قژێک کە دەفرۆشرێت، چیرۆکێک شاراوەیە. میلاد باس لە جیاوازیی هۆکارەکانی فرۆشتنی قژ دەکات و دەڵێت: لەم رۆژانەدا کچێک تەلەفونى بۆکردم وتى ،”تەلەبەى داخلیم و وا زانکۆ دەکرێتەوە، قژێکى زۆر جوان و درێژم هەیە و دەمەوێت لێم بکڕیتەوە تا خەرجییەکانم دابینم بکەم”، بەڵام وەک روونى دەکاتەوە کە ژنى وا هەن بەهۆی کێشەی تەندروستی و بوونی ئازاری شان و مل بەهۆی قورسیی قژەکەیانەوە، بڕیاری بڕین و فرۆشتنی دەدەن.
بۆ خزمەتى ئەو خانمانەش کە بەهۆى نەخۆشى شێرپەنجە و وەرگرتنى دەرزیى کیمیایى قژیان لەدەست دەدەن، خاوەنی ئارایشتگاکە دەڵێت، وەک هەنگاوێکیش بۆ پاڵپشتیکردنیان، بۆ نەخۆشانی (نەخۆشخانەی هیوا) هیچ بڕە پارەیەک وەک حەقدەست و کرێی کارکردن وەرناگرن و کارەکەیان وەک دیارییەک بۆ ئەنجام دەدەن، تاوەکو زەردەخەنە و متمانە بەخۆبوون بگەڕێننەوە بۆ ڕووخساریان.
لەبارەی لایەنی تەندروستیی دانانەوەی قژی کەسێک بۆ کەسێکی دیکە، میلاد سیروس دڵنیایی دەدات کە کارەکەیان مۆڵەتی تەندروستیی هەیە و لە رووی پزیشکییەوە ڕێگەپێدراوە، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە بەکارهێنانەوەی قژی سروشتی بە شێوازە زانستییەکەی، هیچ جۆرە زیانێکى نییە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح