پەنجە ماسی خرایە بەنداوی چەمرگەوە _ وێنە: وەزارەتی کشتوکاڵ
پاش مانگێک لە کردنەوەی
45 هەزار پەنجەماسی خرایە بەنداوی چەمرگەوە
ئەحمەد مستەفا
پاش یەک مانگ لە کرانەوەی 45 هەزار پەنجە ماسی خرایە ناو بەنداوی چەمرگە لە هەولێر، ئەوەش دوای ئەوەی 200 هەزار پەنجە ماسی خرایە بەنداوی دوکانەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێک دەڵێت، “لە هەڵمەتی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی پەنجەماسی، هۆبەی بەرهەهێنانی پەنجەماسی لە بەڕێوەبەرایەتیی راهێنانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بڕی 45 هەزار پەنجەماسی کردە بەنداوی چەمرگەوە”.
ساڵانە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی راهێنانی کشتوکاڵ هۆبەی پەنجە ماسی 500 هەزار پەنجە ماسی بەرهەمدەهێنرێت، دوای پشکنینی ئاوەکە ماسی تێدەکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 21.7.2024، پشتیوان ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە 964 وت، “200 هەزار پەنجە ماسی لە جۆری کاربی هەنگاری لە هەولێرەوە هێنرایە قەزای دوکان و سەرجەمیان خرانە دەریاچەکەوە، مەبەست لێی گەشەپێدانی کەرتی ماسییە”.
بەرزی بەنداوی چەمرگە، 17 مەتر و نیوە و درێژییەکەی 262 مەتر و پانییەکەیشی هەشت مەترە، بەنداوەکە لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چوار ملیار و 300 ملیۆن دینار دروستکراو و رۆژی 25.6.2024 کرایەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە رێوڕەسمی کردنەوەی بەنداوەکە ئامادبوو ئاماژەی بەوەکرد، زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێر زەوی زۆر بەکار نەهێنین، چونک خەریکە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان، بە رێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە.
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداوی سەرەکی هەیە و ساڵانە توانای گلدانەوەی زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، دیارترین بەنداوەکان هەرێمی کوردستان: دوکان، دەربەندیخان و دهۆکن.