چوار وەزارەت بەشدارن
عێراق داوای لە هەرێم کردووە پلانی روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی هاوبەش بێت
964+
ئەحمەد مستەفا
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق تا پلانێکی ستراتیژی و هاوبەشیان هەبێت، بۆ روبەرووبونەوی بیری توندتیژی لە نوێنەری چوار وەزارەت و دەزگا سەرقاڵی دارشتنەوەی بنەماکانیەتی.
بۆ دانانی پلانەکە، لیژنەیەکی باڵا کە ستراتیژێکی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هزری توندوتیژی گەڵاڵە دەکات، نوێنەری وەزارەتی داد، ناخۆ، پێشمەرگە و پەروەردە لە کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بەشدارییان کرد.
کرمانج عوسمان راوێژکاری وەزارەتی داد بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و نوێنەری وەزارەتی داد لە بڵاوکراوەیەکی وەزارەتەکەدا دەڵێت، “پاش هاتنی چەکدارانی داعش هزری توندوتیژی لە عێراق بە گشتی زیاتر پەرەی سەندبوو، لە دوای لەناوبردنی هێزو دەسەڵاتی چەکدارانی داعش، بەڵام هزری توندوتیژی لە عێراق و ناوچەکە هێشتا بوونی هەیە”.
“لە عێراق ساڵی 2019، ستراتیژێکی نیشتیمانی بۆ روبەڕوبوونەوەی هزری توندوتیژی ئامادەکردووە، کە هەرێمی کوردستان تیایدا بەشدارنەبووە، لەبەرئەوەی عێراق پێی وابوو کە دەبێت یەک ستراتیژ هەبێت و نابێت هەرێم ستراتیژێکی جیاوازی هەبێت، بەڵام دواجار حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کە لە ماوەی ساڵێکدا ستراتیژێکی نوێ تایبەت بەهەرێمی کوردستان دابنێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی”، کرمانج عوسمان وای وت.
رێکخراوی ( ئای ئۆ ئێم)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشت و هاوکاری پڕۆژەکە دەکات، و چواردە وەزارەت و لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنە باڵاکەدا نوێنەریان هەیە، کە وەزارەتی داد رۆڵێکی سەرەکی تێدا دەبینێت.