شارەوانی دەڵێت چارەسەری دەکەن
خۆڵ و خاشاک شاخی قەیوانی تەنیوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
خۆڵ و خاشاک شاخی قەیوانی تەنیوە و لە چەند شوێنێک خۆڵ تا نزیکی بنی شاخەکە رۆیشتووە و شارەوانییەکانی سلێمانیش دەڵێت، بەدواداچوون دەکەن.
شاخی قەیوان کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری سلێمانی، رێگایەکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە قەزای شارباژێڕ و گوندەکانی و لە دوای تونێلی پێشڕەو شاخەکە رێگای تەواوی سەیرانگاکانی سنوورەکەشە.
ئاوات عەزیز، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانییە گشتییەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەدواداچوون بۆ کۆبوونەوەی ئەو خۆڵ و خاشاکە دەکەن بزانن بۆ پاک نەکراوەتەوە.
وتیشی، “هەفتانە دەبێت ئەو رێگایانەی دەرەوەی شار جارێک بۆ دوو جار پاک بکرێنەوە و هەر کەمتەرخەمییەک هەبێت ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین”.
خۆڵ و خاشاکەکە هەم پاشماوەی گەشتیارانە کە لەوێ فڕێدراوە، هەم پاشماوەی کاری بیناسازییە و لە چەند شوێنێکی شاخەکە فڕێدراوە و دیمەنێکی ناشیرینی بەو رێگایە بەخشیوە و ژینگەکەشی شێواندووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی