حەشدى تورکمانى هۆشدارى دەدات
لە سنوورى خورماتوو رێگەى کەرکوک بۆ بەغدا دادەخرێت
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
کێشەیەک خەریکە رێگاى کەرکوک بۆ بەغدا کە رێگاى سەرەکى هەرێمى کوردستانە بۆ بەغدا، دادەخات.
دژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی حەشدی شەعبی میحوەری باکوور و گواستنەوەى حەشدى تورکمانى بۆ ژێر کۆنتڕۆڵى ژوورى ئۆپەراسیۆنەکانى رۆژهەڵاتى سەڵاحەدین، لایەنگرانی حەشدی شەعبی تورکمانی گردبونەوەیەکی ناڕەزاییان لەدژی بڕیارەکە ئەنجامدا و بەنیازی داخستنی رێگای سەرەکی کەرکوک بەغدان.
بەیانی ئەمڕۆ حەشدی شەعبی تورکمانی دژی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق لەسەر رێکای سەرەکی کەرکوک بۆ بەغدا لە باشوری قەزی خورماتوو گردبوونەوە، بەڵام سوپای عێراق رێگری لێکردن و نەیهێشت رێگاکە دابخەن و بە خۆپێشاندەرانیان راگەیاند کە شاندى هەردولا لەبەغدا لە کۆبونەوەدان لەسەر بابەتەکە.
هەرچەندە لە سەرەتاوە نیو کاتژمێر رێگەکەیان داخست، بەڵام چاوەڕوانى بۆ گەیشتن بە بڕیارێک لە کۆبوونەوەکە، رێگەکە کردەوە.
چەلەبی محەمەد، سەرپەرشتیاری گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، رێگاکە چۆڵ ناکەن تا حکومەتی عێراق لە بڕیارەکەی پاشگەز نەبێتەوە، ئێوارەشیان وەک دوا مۆڵەت دیاریکردووە ئەگەر کۆبوونەوەکە نەگاتە هیچ ئەنجامێک بە تەواوەتى رێگەى کەرکوک بۆ بەغدا، دادەخەن.
رێگەى کەرکوک بۆ بەغدا، رێگەیەکى ستراتیژیی هەرێمى کوردستانە بۆ بەغداد و بەشێکى بە قەزاى خورماتوودا تێدەپەڕێت، بە داخرانیشى هاتوچۆى بەشێکى زۆرى ناوچەکانى هەرێم بۆ بەغداد، پەکى دەکەوێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح