نیوەڕۆخوانێک بۆ رێبوار و کرێکاران سازکرا

دەمەو جەژنە و خێرۆمەندان هەژار و کەمدەرامەتان بەسەر دەکەنەوە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

دەمەو جەژنە و خواپێداو و خێرۆمەندان هەژار و کەمدەرامەتان بەسەر دەکەنەوە، لە سلێمانی خێرخوازێک بێ ئەوەی ناوی خۆی ئاشکرا بکات، نیوەڕۆخوانێکی بۆ رێبوار و کرێکاران سازکرد.

خواردنەکە لە گەڕەکی ئازادی و لەلایەن ستافی شیف بیلالەوە دابەش کرا، وەستا بیلال کە شێفێکی دەستاوخۆشە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “مریشک و فاسۆلیا و برنجمان بۆ لێناون و ئەوە کەسەشی کەرەستەکانی بۆ کڕین، پێی وتم، نابێ بە هیچ شێوەیەک ناوی بهێنین”.

“ئەم کەسە بەتەمایە بۆ رۆژی عارفە گەورەش ئێوارە خوانێک لە یەکێک لە مزگەوتەکانی سلێمانی ئامادە بکات”، وەستا بیلال وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سلێمانی خێرخواز و پیاوچاکی زۆری تێدایە و ماوەیەکە بە بەردەوامی خواردن و کەرەستەی پێویست بۆ ستافەکەی شێف بیلال ئامادە دەکەن و ئەوانیش بێ بەرامبەر پێشکەشی کرێکار و رێبوارانی سەرشەقامی دەکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری