"بە زێدەڕۆ دروستکراون"

شارەوانیى خورماتوو ژمارەیەک خانووى رووخاند و خەڵکەکەش ناڕازین

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئێستا لەناو شارى دوز خورماتوو باس باسى رووخاندنى ئەو خانوانەیە کە لەلایەن شارەوانییەوە رووخێنراون، ئەو هاوڵاتیانەش کە خانوویان رووخێنراوە داواى بەهاناوەچوون دەکەن.

رۆژى 23ـى ئەم مانگە یەکەم جەولەى رووخاندنى ئەو خانوانە دەستیپێکرد و لە رۆژى یەکەمدا 22 خانوو رووخێنران.

عومەر ستار، یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی کە خانوەکەی رووخێنراوە بە964ـی وت، ماوەی زیاتر لە سێ مانگە لەلایەن خێرخوازێکەوە ئەو زەوییەى پێدراوە و زیاتر لە 10 ملیۆن دینارى تێیدا خەرج کردووە و ئێستا رووخاندوویانە.

ئەو هاوڵاتە خێزاندارە و کرێچییە، وەک خۆى دەڵێت، دڵخۆشبوو بە دروستکردنى ئەو خانووە و دەیویست لە کرێچێتى رزگارى بێت، بەڵام دواى رووخاندنى دیوارەکان، خەونەکەى لەبار چووە و 11 ملیۆن دیناریش زەرەرى کردووە.

پێشتر ئەکرم عەبدولکەریم، خێرخواز و سەرپەرشتیاری خانووەکان بە 964ـی وتبوو، ئەوان لە ساڵی 2012ـەوە داوایان لە شارەوانی کردووە، چەند دۆنمێک زەویان پێ بدرێت بۆ درووستکردنی خانوو بۆ کەسانی هەژار و کەمدەرامەت، دوای ئەوەی ماوەی سێ مانگ دەبێت زەوییەکانیان دابەش کردووە بە سەر ژمارەیەک خێزانی هەژار و کەمدەرامەتدا، بۆ ئەوەی ئەو کەسانە لە خانووی کرێ رزگاریان بێت، چەند خانوویەکیان بۆ درووستکردوون، بەڵام شارەوانی خەونەکەیانی لەناوبرد و رووخاندنی.

ئێستا ژمارەى خانووە رووخێنراوەکان بەرزبووەتەوە بۆ 62 خانوو، بە وتەى حەسەن زەینەلعابدین قایمقامی خورماتو کە بۆ 964 قسەى کردووە،”لەسەر بڕیاری بەدر مەحمود، پارێزگاری سەڵاحەدین، بڕیاری رووخاندنی ئەو خانووانەیان دەرکرد بەو پێیەی ئەو زەوییەى خانووەکانى لەسەر دروستکراوە، موڵکی دەوڵەتە و نابێت کەس خانووی لەسەر دروستبکات بە نایاسایی”.

وەک باسى دەکات، پێشتر ئاگادارکرابوونەوە کە زەوییەکە زێدەڕۆیە و نابێت خانووى لەسەر دروست بکرێت، هەرچەند نەیشاردەوە بەشێک لەو کەسانەى خانوویان دروستکردووە هەژاران، بەڵام وەک دەڵێت: بەشێکى زۆرى خاوەن خانووەکان خەڵکى هەژار نەبوون و مامەڵە کڕین و فرۆشتنیان بە زەوییەکانەوە کردووە.

“تائێستاش هیچ بڕیارێکی قەرەبووی ئەو کەسانە دەرنەچووە، کە زیانی ماددیان بەرکەوتووە”، قایمقامى خورماتوو وا دەڵێت.

خانووەکان دەکەونە سەر زەوییەک لە نزیک گۆڕستانى شەهیدان بەرامبەر چیاى هەنجیرە لە ناو  دوزخورماتوو و تا ئەمڕۆ 62 خانوویان لێ رووخێنراون

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

22 خانووی هاوڵاتیان لەلایەن شارەوانی خورماتووەوە رووخێ...

22 خانووی هاوڵاتیان لەلایەن شارەوانی خورماتووەوە رووخێندران

کفرییەکان لەپێناو پاراستنی مێژووی شارەکەیان خانووە کل...

کفرییەکان لەپێناو پاراستنی مێژووی شارەکەیان خانووە کلتورییەکانیان دەبەخشن