"لە بەریتانیاوە ئاڕاستە کراون"

ئاسایش: 11 تیرۆرست کە پیلانیان هەبوو بۆ تیرۆرکردنی چەند فەرماندەیەک دەستگیر کران

964+

ژووری هەواڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی 11 “تیرۆرستی” راگەیاند و دەڵێت، لە خۆڕێکخستندابوون و پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی و تیرۆرکردنی چەند فەرماندە و ئەفسەرێکی باڵای هێزە ئەمنییەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24.7.2024، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە چوار هەڵمەتدا هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایش لە رۆژانی 3.7.2024 و دواتر، لە پارێزگای هەڵەبجە، لەنێو گرتوخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی، لە گەرمیان و چەمچەماڵ 11 “تیرۆرستیان” پاش رەزامەندی دادوەر دەستگیر کردووە.

لەنێو دەستگیر کراوەکاندا سێ کەسیان وەک ئەمیر کاریان کردووە و ئاسایش دەڵێت پۆستیان هەبووە و ناسێندراون بە “ئەمیری مەیدانی هەڵەبجەو شارەزوور”، “ئەمیر و سەرپەرشتیاری ناردنەدەرەوەی تیرۆریستان” و “ئەمیری ئەمنی”.

“پاش لێکۆڵینەوەی ورد [دەستگیر کراوەکان] دانیان بە تاوانەکانیاندا نا کە پیلانیان دانابوو ژمارەیەک فەرماندەو ئەفسەری باڵای ئەمنی و ئیداری تیرۆر بکەن و چەندین کردەوەی تری تیرۆریستی لە شارەکانی هەرێم ئەنجام بدەن”، دەزگای ئاسایش وا دەڵێت.

دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند، ئەو 11 کەسە لەلایەن “تیرۆرستی هەڵهاتوو” لە وڵاتی بەریتانیا مەحمود ناسراو بە “یاخی” ئاڕاستەکراون بۆ بڵاوکردنەوەی فکری داعش و توندڕەوی و تیرۆر.

لە دانپێدانانەکەدا یەکێک لە دەستگیر کراوەکان دەڵێت، “تیێنتییان بۆ ناردم حسێنی شیعەکان لە سلێمانی بتەقێنمەوە”.

21 چەکداری داعش کە دووانیان سەرکردەن دەستگیرکران

21 چەکداری داعش کە دووانیان سەرکردەن دەستگیرکران